Accessibility links

پەنتاگۆن: هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر چەکدارانی سەر بە داعش لە ئەفغانستان دوو ئەندامی باڵای گروپەکەی تێدا کوژرا


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا دژ بە گروپێکی سەر بە داعش لە ئەفغانستان دوو ئەندامی سەرەکی گروپەکە کوژراون.

گوتەبێژی پەنتاگۆن جۆن کیربی ڕۆژی شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی " دوو ئەندامی باڵای داعش کوژراون، یەکێکیش بریندار بووە و ئاگاداری هیچ زیانێکی گیانی نین."

کیربی گوتیشی " ئەوان پلاندارێژەرێک و ئاسانکارێکیان لەدەستدا و کەسێکیشیان بریندار بوو. ئەو ڕاستییەی ئەو کەسانە چیتر لەم ژیانە نەمان، ئەمە شتێکی باشە."

کەمتر لە 48 کاتژمێر پاش تەقینەوە کوشندەکەی دەرەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵ، لەشکری ئەمەریکا هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردە سەر گروپی دەوڵەتی ئیسلامی خوراسانی سەر بە داعش، لە ئەفغانستان. هێرشەکەی ئەمەریکا کەسێکی کردە ئامانج کە لەشکر لەو بڕوایەدایە بەرپرسیار بووە بەرامبەر پلانداڕشتن بۆ هێرشی کوشندە بۆ سەر ئەمەریکاییەکان لە کابوڵ.

سەرکردەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا کاپتن بیڵ ئەربان لە لێدوانێکیدا بۆ نێوەندی سەرکردایەتی لەشکری ئەمەریکا گوتی " هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هەرێمی نانگەرهاری ئەفغانستان ئەنجام دراوە، بە پێی ئاماژە سەرەتاییەکان، ئامانجەکە کوژراوە. ئاگاداری هیچ زیانێکی گیانی سیڤیل نین." هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ڕوون نییە کە ئامانجەکە ئەو کەسە بووە کە پلاندارێژەری هێرشەکەی کابوڵ بووە یان نا.

داعش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە کوشندەیەی گرتە ئەستۆ کە ڕۆژی سێشەممە لە دەرەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵ ڕوویدا و لە ئاکامدا بەلایەنی کەم 170 ئەفغانی و 13 سەربازی ئەمەریکایی کوژران.

ڕۆژی هەینی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا کرد لەفڕۆکەخانەی کابوڵ دووربکەونەوە بەهۆی هەڕەشە ئاسایشییەکان، لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە داوا لە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی کرابوو ئەگەر لە نزیک هەر کام لە چوار دەرگاکانی فڕۆکەخانەکەن دەستبەجێ ئەو شوێنە بەجێبهێڵن.

گوتەبێژی کۆشکی پسی جێن ساکی ڕۆژی هەینی گوتی کاربەدەستانی ئەمەریکا هەستیان کردووە ڕەنگە هێرشێکی تری تیرۆرستی لە کابوڵ ڕووبدات.

گوتەبێژی پەنتاگۆن جۆن کیربی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ئەمەریکا لەو بڕوایەدایە هەڕەشەی " ڕوون و باوەڕپێکراو" لەسەر فڕۆکەخانە هەیە و گوتیشی " بێگومان ئێمە ئامادەین و چاوەڕوانی هەوڵەکانی داهاتوو دەکەین."

هەڕەشی ئاسایشی بووەتە هۆکاری ئەوەی گواستنەوەی ئەمەریکاییەکان و هەندێک لە ئەفغانییەکان قورستر بکات.

کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزاییەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لەوە ناچێت هیچ هەوڵێکی گشتگیر هەبێت بۆ دەرکردنی ئەوانەی ڤیزای تایبەتیان هەیە لەم کاتەدا." بەڵام وەزارەتەکە هێشتا هەوڵ دەدات کارمەندانی باڵیۆزخانە، هاووڵاتیانی ئەمەریکا و دانیشتوانی یاسایی ئەمەریکا دەربکات.

بێن واڵاس وەزیری بەرگری بەریتانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند " بە خەمێکی زۆرەوە " بەریتانیا پرۆسەی گواستنەوەی خەڵکی لە کابوڵ ڕاگرتووە و گوتیشی زۆرێک هاووڵاتی بەریتانی و ئەو ئەفغانیانەی لەگەڵیان کاریان کردووە ناتوانن ئەفغانستان بەجێبهێڵن.

فەرەنساش ڕایگەیاند پرۆسەی گواستنەوەکەی لە ئەفغانستان ڕادەگرێت.

سەرباری مەترسییەکان ژمارەیەکی زۆری خەڵکی نیگەرانن بۆ دەرچوون لە ئەفغانستان و لەبەردەم فڕۆکەخانە کۆبونەتەوە، لە کاتێکدا لە سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینییەوە پرۆسەی گواستنەوە دەستیپێکردەوە.

ڕۆژنامەی Wall street journal ڕایگەیاندووە خەڵکەکە پاش نیوەڕۆی هەینی جارێکی تر بڵاوەیان کرد کاتێک دەنگۆی هێرشێکی تر بڵاوبوویەوە.

پەیامنێرێکی دەنگی ئەمەریکا کە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی سەردانی ناوچەکەی کرد، گوتی شەقامەکان زۆربەی چۆڵ بوون و هێزەکانی تاڵیبان ڕێگاکانیان بەرەو شەقامەکانی دەروبەری فڕۆکەخانە گرتبوو.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەڵێنیدا لەسەر ئەوەی ئەمەریکا تۆڵە لەوانە دەکاتەوە کە بەرپرس بوون لە تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی کابوڵ و وتی داوای لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کردووە پلانێک دابڕێژێت بۆ وەڵامدانەوەیان.

بایدن وتی داوای لە فەرماندەکانی سوپای ئەمەریکا کردووە پلانی ئەرکێک دابنێن بۆ لێدانی ڕابەران و دامەزراوە و چەکدارانی ڕێکخراوی داعشی ئەفغانستان و پاکستان، وتی " خۆمان ڕێگەیەک دەدۆزینەوە بۆ لەناوبردنیان، بەبێ ئەرکێکی سەربازی گەورە."

ڕاپۆرتی دەنگی ئەمەریکا بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد پرێس، ئاژانسی دەنگوباسی فەرنسی و ڕۆیتەرز.

XS
SM
MD
LG