Accessibility links

مەزهەب، تورکمانەکانی کەرکوک و سەڵاحەدینی دابەشکردووە


جیاوازی مەزهەب و بوونی ژمارەیەکی زۆر کاندید لە سنووری کەرکوک و خورماتوو، دەنگی تورکمانەکانی دابەشکردووە، چاوەڕوان دەکرێت ئەم دابەشبوونە، زیان بە پێگەی ئەو پێکهاتە نەتەوەییە لەم هەڵبژاردنەدا بگەیەنێت.

لەهەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق دا، پێکهاتەی تورکمان 3 کورسی لەکۆی 12 کورسیەکەی کەرکوک بردەوە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا، سستمی هەڵبژاردن لە بازنەی گەورەوە بۆ بازنەی بچوک گۆڕاوە و تورکمانەکان زەرەرمەندترین پێکهاتەن لەم گۆڕانکاریەدا، ئەمەش بەڕای چاودێران.

کەرکوک دابەشکراوە بۆ 3 بازنە، بازنەی یەکەم 5 کورسی یە و بۆ کورد یەکلایی بووەتەوە، بازنەی سێیەمیش، 3 کورسیە و بۆ عەرەب یەکلایی بووەتەوە، بەڵام بازنەی دووەم کە قوڵایی پێگەی تورکمانە، 4 کورسیە، عەرەب و کوردیش چاویان لەسەر یەکی کورسیەکی ئەم بازنەیەیە، لەکاتێکدا تورکمان لەم بازنەیە کاندیدی زۆرە و دابەشبووە بە سەر شیعە و سونەدا.

9 حیزبی تورکمانی لەکەرکوک هاوپەیمانێتیەکیان پێکهێناوە بۆ هەڵبژاردن کە زۆرینەیان سونەن، بەڵام چەندین کەسایەتی تورکمانی شیعە لەنێو لیستی هێزە شیعیەکاندا، خۆیان کاندیدکردووە، کە بەشێک لەم کاندیدانە لەلایەن حەشدەوە پشتگیری دەکرێن.

عەلی حسێنی وتەبێژی حەشدی تورکمانی لەکەرکوک و سەڵاحەدین، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بەرەی تورکمانی لە 9 حیزب پێکهاتووە و تورکمان دابەش نەبووە، هەر حیزبێک و کاندیدی لەم هاوپەیمانێتیە هەیە، ڕاستە وەکو بەغدا، سلێمانی و هەولێر، فەتح و دەوڵەتی یاساش کاندیدیان هەیە."

تورکمان کورسیەکانی بازنەی یەکەم و سێیەمی کەرکوکی لەدەستداوە، کە ژمارەیان 8 کورسیە، هەموو دەنگدەرەکانی لەبازنەی دووەمدا کۆبووەتەوە، کە 4 کورسی بۆ ئەم بازنە دانراوە، لەم بازنەیەش جگە لەوەی کورد و عەرەب دەیانەوێت سەروو کورسیەک لەو 4 کورسیە ببەن، تورکمان خۆشی کاندیدی زۆرە، بەرەی تورکمانی کە لەلایەنە سونەکان پێکهاتووە دەبێت ڕکابەری کاندیدە تورکمانە شیعەکانیش بکەن.

بەڵام قەحتان وەنداوی جێگری سەرۆکی لقی کەرکوکی بەرەی تورکمانی، دابەشبوونی تورکمانەکانی ڕەتکردەوە، وتی"تورکمان یەک نەتەوەیە و لە ژێر وشەی تورکماندا کۆبووەتەوە."

لەهەڵبژاردنی ساڵی 2018 دا، کاتێک حەشدی شەعبی تازە کەرکوکی کۆنترۆڵ کردبوو، کوتلەی فەتح، محەمەد مەهدی بەیاتی، بەهێزترین کەسایەتی خۆی لەکەرکوک کاندیدکرد، بەو ئومێدەی یەکێک لە کورسیەکانی کەرکوک لە پشکی تورکمان ببات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا، بەهەر نرخێک بێت، پشکی خۆی ببات.

پێچەوانەی شاری کەرکوک، لەهەڵبژاردنی 2018 دا، کوتلەی فەتح ی شیعی لە شارۆچکەی دوز خورماتوو سەرکەوتوو بوو، کاتێک نیازی میعمار ئۆغڵۆی بەهێزترین کاندیدی تورکمانە سونەکانی خست و کورسیەکەی بۆ مەهدی تەقی فەرماندەی لیوای حەشدی شەعبی مسۆگەر کرد.

عەلی حسێنی، ڕەتیکردەوە حەشدی شەعبی کاندیدی هەبێت بۆ خستنی تورکمانە سونەکان، وتی"2018 دۆخێکی جیاواز بوو، ئەوکات هاوکێشەی نوێ هاتبووە ئاراوە، بەڵام دۆخی 2018 جیاوازە، نیازی ئۆغڵۆ لەکەرکوک خۆی کاندید کردووە."

وتیشی"ڕاستە کاندیدەکان حەشدن و موچەی حەشدیان هەیە، بەڵام وەکو سەربەخۆ خۆیان کاندید کردووە، وەکچۆن پێشمەرگە دەتوانێت سەربەخۆیانە خۆی کاندید بکات."

کاندید جیایی تورکمانە شیعە و سونەکانی کەرکوک و خورماتوو لەکاتێکدایە، تورکمانە سونەکان زیاتر لە تورکیاوە نزیکن و شیعەکانیش لە ئێرانەوە، بۆیە بەڕای چاودێران، ململانێی نێوان تورکمانەکان، ڕەهەندێکی ئیقلیمیشی هەیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:33 0:00


XS
SM
MD
LG