Accessibility links

مەلا برادەر گەیشتە کابوڵ بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە حکومەتی نوێ


بەرپرسێکی بزوتنەوەی تاڵیبان ڕۆژی شەممە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، مەلا برادەر هاودامەزرێنەری تاڵیبان گەیشتوەتە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکان و سەرکردەکانی پێشووی حکومەت و زانایانی ئاینی.

بەرپرسێکی ناتۆ ڕایگەیاند؛ هەر لەهەفتەی پێشوەوە کە چەکدارانی تاڵیبان چوونەتە ناو پایتەختەوە نزیکەی 12 هەزار بیانی و ئەفغانی کە بۆ باڵیۆزخانە و گروپی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان کاریانکردبوو لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە رەوانەی دەرەوە کراون.

ئەو بەرپرسەی ناتۆ بەو مەرجە لێدوانیدا بۆ رۆیتەرز کە ناوی بڵاونەکرێتەوەو وتی"پرۆسەی گواستنەوەکە هێواشە؛ چونکە مەترسی لەسەرە و ئێمە نامانەوێت هیچ جۆرە پێکدادانێک لەگەڵ ئەندامانی تاڵیبان یان خەڵکی مەدەنی دەرەوەی فڕۆکەخانەکە رووبدات."

تاڵیبان کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتەکەیان کردووە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بەبێ بەڕەنگاربوونەوە چوونە ناو کابولی پایتەختەوە.

هەر لەوکاتەوە، ئەفغانیەکان و گروپە پشتیوانی و داکۆکیکارییە نێودەوڵەتیەکان هەواڵی تۆڵەکردنەوەی توندیان بڵاودەکردەوە کە لە دژی خۆپیشاندان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە پێشتر پۆستی حکومییان هەبووە یان ڕەخنەیان لە تاڵیبان گرتووە یان لەگەڵ ئەمریکییەکان کاریان کردوە ئەنجامدراوە.

XS
SM
MD
LG