Accessibility links

بەکارهێنانی سستمی کیتۆ بۆ ڕزگاربوون لە قەڵەوی و دابەزاندنی کێشی لەش


بەکارهێنانی سستمی کیتۆ بۆ ڕزگاربوون لە قەڵەوی و دابەزاندنی کێشی لەش
please wait

No media source currently available

0:00 0:04:36 0:00

بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕزگاربوون لە قەڵەوی و دابەزاندنی کێشی لەشیان، ڕوویان لەبەکارهێنانی سستمی خۆراکی کیتۆ کردووە، هەندێک لەوانەی کێشی لەشیان زۆرە، باس لەوەدەکەن سودێکی زۆریان لەو سستمە بینیووە، بەڵام وەک شارەزایانی تەندروستی دەڵێن ئەم رجیمە زیانی تەندروستیشی هەیە.

ئایا ڕجیمی کیتۆ بۆ تۆ گونجاوە؟

بۆ ئەوانەی دەیانەوێت کە کێشی لەشیان داببەزێنن، یەکێک لەو سیستەمە خۆراکیانەی کە لەم ماوەیەدا بانگەشەی زۆری بۆ دەکرێت بریتیە لە کیتۆ. چەند بەکارهێنەرێکی ئەم ڕجیمە (Diet) بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێن کە سودێکی زۆریان لێ بینیووە.
پیادە سادق یەکێکە لە بەکارهێنەرانی کیتۆ لە شاری سلێمانی کە زۆر بە متمانەوە ستایشی سیستەمەکەی کرد. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "من کێشم ١٤٩ کیلۆ بوو. سێ مانگە کیتۆ ئەکەم و هاتومەتە سەر ١٣٢ کیلۆ. من زۆر گرفتی تەندروستیم هەبوو وەکو زەخت، شەکرە؛ ئەمانەم هەبوو و هیچی نەماوە سوپاس بۆ خودا."
ئایا بەڕاست کیتۆ چییە؟ وە ئایا سەرچاوە پزیشکییە ناسراوەکانی جیهان پشگیری دەکەن؟


سەرچاوە و مێژووی کیتۆ
ڕجیمی کیتۆ بەشێوەیەکی گشتی پێکدێت لە خواردنی ئەو خۆراکانەی کە ڕێژەی چەوریان زۆرە، پرۆتینیان مام ناوەندە و وزەی کاربۆهایدرەیتیان زۆر کەمە. واتا بەکارهێنەرانی ئەو سیستەمە دەتوانن گۆشت بخۆن، بەڵام بۆ ئارەزومەندانی برنج و نان سیستەمەکە قورسە چونکە ڕێژەی کاربۆهایدرەیتی ئەم خۆراکانە زۆرە.
بەگوێرەی کتێبخانەی پزیشکی نیشتیمانی ئەمەریکا، کیتۆ ساڵی ١٩٢١ بۆ یەکەم جار لە لایەن دکتۆر ڕەسێل ووڵدەر لە کلینیکی مایۆ بەمەبەستی چارەسەرکردنی گەشکە ((Epilepsy لە منداڵدا بەکارهێندرا. سیستەمەکە لە ساڵانی دواتر گرنگی خۆی لەدەست دا لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەری گاریگەر تر بۆ نەخۆشیەکە.
سەرهەڵدانەوەی دووبارەی کیتۆ وەک سیستەمێکی دابەزاندنی کێش لەم ساڵانەی دواییدا بوو و دیاردەیەکی نوێیە.
کیتۆ چۆن کاردەکات؟
بەگوێرەی کلینیکی مایۆ لە ئەمەریکا، ئەوانەی سیستەمی کیتۆ پەیڕەودەکەن ئەو خواردنانە دەخۆن کە ڕێژەیەکی باش چەوریان هەیە وەکو چەرەزات، کونجی، پەنیر، ماست، ڕۆنەکان و ئەو جۆرە سەوزانەی کە نیشاستەیان کەمە. جگە لەڕێژەیەکی بچوک لە گۆشت، هیلکە و ماسی دوو خواردنی سەرەکی دەبن بۆ بەکارهێنەرانی سیستەمەکە.
بەکارهێنەرانی کیتۆ بەڕێژەیەکی بەرچاو سەرچاوەکانی کاربۆهایدرەیت کەم دەکەنەوە وەکو برنج، نان، شیرنەمەنی، پاستا و ئەو خواردنانەی نیشاستەیان زۆرە وەکو پەتاتە و گەنمەشامی و پاقلەمەنی و هەندێک میوە.
جۆرەکانی خواردنەوەش سنوردارن؛ بەکارهێنەر دەتوانێ چا یا قاوەی تاڵ بخواتەوە بەڵام دورکەوێتەوە لە شەربەتی شیرین و بیرە.
جەیسن ئیوۆڵت، شارەزا لە ڕجیمی خۆراکی لە کلینیکی مایۆ لە ئەمەریکا، بەم شێوەیە چۆنیەتی کارکردنی کیتۆ لەسەر جەستە ڕوندەکاتەوە: کاتێک مرۆڤ ئەو خۆراکانە دەخوات کە ڕێژەی کاربۆهایدرەیتیان زۆرە، وەکو نان و برنج و پاقلەمەنی و هەندێ جۆری سەوزە و میوە، جەستە ئەو کاربۆهایدرەیتانە دەکات بە شەکری گلوکۆز و پاشان خانەکانی جەستەی مرۆڤ ئەم گلوکۆزە دەسوتێنن وەک وزە. بەڵام کاتێک کە کەسێک دەست دەکات بە پەیڕەوکردنی کیتۆ لە ڕێگەی کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی کاربۆهایدرەیت، جەستە ناچاردەبێت بە بەکارهێنانی وزیەک کە لە جگەری مرۆڤ سەرچاوە دەگرێ و ناسراوە بە کیتۆن.
بۆ دروستکردنی کیتۆن، جگەر پشتدەبەستێت بە چەوری (قەڵەوی) لەش لە پرۆسەیەکدا کە پێی دەگوترێ کیتۆسس.


ئایا کیتۆ کێشت دادەبەزێنێت؟
بەڵێ؛ لێکۆڵینەوەکانی کلینکی مایۆ دەریدەخەن کە سیستەمی کیتۆ دەبێتە هۆی سوتاندی قەڵەوی لەش دوا نزیکی ٢-٣ هەفتە.
بەگوێرەی کۆمەڵەی نیشتیمانی لیپید لە ئەمریکا، سیستەمێکی رجیمی پشتبەستو بە کەمکردنەوەی ڕێژەی کاربۆهایدرەیت لە ماوەی ٢-٦ مانگ دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە دابەزاندنی کێش زیاتر لە سیستەمەکانی تری کێش دابەزاندن.
بەڵام بەگوێرەی ئاژانسی نیویۆرک تایمز کاریگەری سیستەمەکە بەگوێرەی کات کەمدەبێتەوە.
کارۆڵ کیرک پاتریک، شارەزا لە زانکۆی هەرێمی ئایدەهۆ، بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، "دوای ١٢ مانگ، سیتەمەکە بەراورد بە رجیمەکانی تر گرنگی لەدەست دەدات ."
پریا تیو، شارەزا لە ڕێکخستنی سیستەمی خۆراکی، بە ئاژانسی بەریتانی بی بی سی ڕاگەیاندووە کە کیتۆ بۆ هەندێ چارەسەری دەکرێ گونجاو بێت بەڵام بۆ دابەزاندنی کێش لەوەدەچێ باشترین بژاردە نەبێت.
پریا دەڵێت، "کاربۆهایدرەیت ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە سیستەمی خۆراکی ئێمە و ئەگەرچی کەمکردنەوەیان ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزاندنی کێش، بەڵام کەمکردنەوەیان بۆ ڕێژەیەکی زۆر بژاردەیەکی درێژخایەن نییە."

مەترسیەکانی کیتۆ
بەگوێرەی سکۆڵی پزیشکی لە زانکۆی هارڤارد، رجیمی کیتۆ چەندین مەترسی هەیە بۆسەر بەکارهێنەر و دیارترینینیان لە ئەنجامی زۆری بەکارهێنانی چەوری خەست دەبێت. زانکۆکە دەڵێت کیتۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە بەرزبونەوەی ڕێژەی "چەوری خراپ" یا LDL کۆڵسترۆڵ کە بەسەرچاوەی سەرەکی نەخۆشیەکانی دڵ دادەندرێت.
زانکۆکە ئەگەری چەند نەخۆشیەکی تری خستۆتە ڕوو کە دیارترینیان بریتین لە:

نەخۆشی جگەر؛ لە ئەنجامی پاڵەپەستۆ کردن لەسەر ئەم ئەندامەی لەش بۆ ئەوەی زۆرترین ڕێژەی چەوری بەکارببات.
نەخۆشی گورچیلە؛ بەهۆی ئەوەی خواردنی ڕێژەیەکی زۆری پرۆتین دەبێتە هۆی فشار بۆ ئەم ئەندامەی لەش.
قەبز بوون؛ چونکە سیستەمی کیتۆ ڕێژەی فایبەر لە لەش کەم دەکاتەوە کە پێویستن بۆ ئەندامانی هەرس و پاشەڕۆ.
کەمبونەوەی رێژەی ڤیتامین و کانزا؛ بە هۆی ئەوەی کیتۆ سەرچاوەکانی سەوزە و میوە و دانەوێڵە تەسک دەکاتەوە و بەکارهێنەر مەترسی کەمی کانزا و ڤیتامینە پێویستەکانی دەبێت وەکو ماگنیسیۆم، سلێنیەم، فسفۆر، ڤیتامین B و C.
کاریگەری لەسەر مێشک؛ بەگوێرەی کەیسی مکمانوس، بەڕێوبەری بەشی خۆڕاک لە نەخۆشخانەی براگهام و ژنان، سەر بە زانکۆی هارڤارد، مێشک پێویستی بە شەکر هەیە لەسەرچاوەی تەندروستی کاربۆهایدرەیت بۆ ئەوەی بەباشی چالاکی ئەنجام بدات. کایسی هۆشداری دا، "ئەو ڕجیمانەی ڕێژەی کاربۆهایدرەیتیان کەمە دەبنە هۆی شڵەژان و توڕەیی."

کۆمێنتی خۆت لە ڕێگەی فەیسبوکەوە بنووسە

XS
SM
MD
LG