وەزیری بەرگری بەریتانیا دەڵێت "دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، شکستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە."
بێن واڵاس، لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ دووشەممەیدا وەهای مەزەندەش کردووە کە ئەرک و بوونی ڕۆژئاوا لە ئەفغانستان کارێکی نیوە و ناچڵ بووە.
واڵاس لە لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵی بی بی سی دەڵێت "هەموومان دەزانین دۆسێی ئەفغانستان تەواو نەبووە و کێشەیەکی چارەسەر نەکراوە بۆ جیهان و پێویستە جیهان یارمەتی ئەفغانستان بدات."
وەزیری بەرگری بەریتانیا دەڵێت 20 ساڵەی بوونی هێزەکانی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، بەفیڕۆدان نەبووە و لە پێناو هیچیشدا نەبووە، بەڵام زلهێزەکانی ڕۆژئاوای بەوە گوناهبارکردووە لە ڕووی سیاسییەوە کورتبین بوون و دەشڵێت "ئەوە شکستە، شکستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە کە نەزانێت ئەو شتانە بە شەوێک چارەسەر ناکرێن."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش دەڵێت خێرایی دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، زلهێزەکانی ڕۆژئاوای دووچاری سەرسوڕمان کرد و دەشڵێت ئەوەی ڕوویداوە ڕەوشێکی نوێیە و پەیمانی گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی توندیش دەدات لە بەرامبەر ڕژێمی نوێی ئەفغانستان.
دۆمینیک ڕاب لە لێدوانەکەیدا بۆ پەیامنێران دەڵێت " لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا بە ڕوونی و ئاشکرایی و بە هەر شێوازێکی لەبەردەستماندا بێت، لێپێچینەوە لە تاڵیبان دەکەین لەسەر وابەستەییەکانی."