Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەفغانستان لە لێواری کارەساتێکی مرۆییدایە


ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران داوای هاوکاری نێونەتەوەیی دەکات بۆ پشتیوانی کردن لە سەدان هەزار خەڵکی ئەفغانی کە بەهۆی شەڕی سەختەوە لە ئەنجامی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە وڵاتەکەیان، هەڵدێن.

هەنگاوە خێراکانی تالیبان بۆ کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری ئەفغانستان لە ماوەیەکی کەمدا بووەتە هۆی سەرسوڕمانی چاودێرانی نێوخۆی و نێونەتەوەی. هەروەها بووەتە هۆی ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی تری مافەکانی مرۆڤ ئامادەکاری بکەن بۆ هاوکاریکردنی سەدان هەزار خەڵکی کە بەهۆی شەڕەکانەوە ئاوارە بوون.

ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت مەترسییەکی زۆری قەیرانی مرۆیی لە ئەفغانستاندا هەیە و هۆشداریش دەدات لە ژمارەی تۆماری قوربانیانی مەدەنی لە مساڵدا ئەگەر بێت و بە شێوەیەکی بەرچاو توندوتیژییەکان کەم نەکاتەوە.

خانمە گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان شابیا مانتوو بارودۆخەکە بە بارودۆخێکی دوژوار لەقەڵەم دەدات و دەڵێت کاریگەری ئەم شەڕانە بە تایبەتی بۆ سەر ژنان و کچان جێگای نیگەرانییە.

ئەو دەڵێت ژن و منداڵ لە سەدا هەشتای نزیکەی ئەو 250 هەزار ئەفغانییەن کە لە مانگی پێنجەوە بەهۆی شەڕەکانەوە لە ئەفغانستان هەڵاتوون.

خانم مانتوو دەڵێت "ئەو خەڵکە سیڤیلەی کە هەڵاتوون باس لە هەڕەشەی گروپە چەکدارەکان، بوونی تەقەمەنی لەسەر ڕێگە سەرەکییەکان دەکەن. هەوەها نەک تەنها بێمتمانەیی بەڵکو ئێمە زیادبوونێکی زۆری ژمارەی قوربانیانی مەدەنیس بەدی دەکەین کە ژن و منداڵیش بە بەردەوامی دەبنە ئامانجی هێرشەکان."

لە کۆی 34 پارێزگای ئەفغانستاندا لە 33 پارێزگا شەڕو پێکدادان ڕاگەیەندراوە تالیبان دەستی گرتووە بەسەر شارە سەرەکییەکانی ئەم وڵاتەدا.

مانتوو دەڵێت زۆربەی ئەوانەی هەڵدێن لە نێو وڵاتەکەدا ماونەتەوە لە کاتێکدا شەڕەکە لە ماڵەکانیان نزیک بووەتەوە. دەڵێت هەتا ئێستا ژمارەیەکی کەم چوونەتە پاکستان و ئێرانی دراوسێ، بەڵام لە کاتێکدا شەرو پێکدادان لە ئەفغانستان درێژە بکێشێت ئەم ڕەوشە ڕەنگە بگۆڕدرێت.

بۆیە دەڵێت ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکات سنوورەکانیان بکەنەوە. ئەو دەڵێت کاتێک " خەڵکەکە نەتوانن خۆیان بگەیەننە شوێنێکی پارێزراو ئەوا ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەکی زۆرەوە."

مانتوو دەشڵێت ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هاوبەشەکانیدا هاوکاری مرۆیی بۆ نزیکەی 400 هەزار ئاوارەی ئەفغانی دابین دەکات. پێداویستییە گرنگەکانی ئەوانیش بریتین لە خۆراک، پەناهگا، کەرەستەی پاکژکەرەوە.

XS
SM
MD
LG