بێن واڵس، وەزیری بەرگری بەریتانیا، ڕۆژی هەینی هۆشداری دا کە دەوڵەتی ئەفغانستان لەژێر مەترسی شکستدایە و پێشبینی دووبارە گەشەکردنەوەی ئەندامانی ئەلقاعیدەی کرد لە وڵاتەکەدا.
بێن واڵس بە ئاژانسی بەریتانی سکای نوزی ڕاگەیاند، "من تەواو نیگەرانم کە دەوڵەتە شکستخواردووەکان بوونەتە ناوچەی گەشەسەندنی ئەم جۆرە خەڵکانە."
چەند کاتژمێرێک بەر لەم لێدوانە، ئەم وەزیرە ڕایگەیاندبوو کە بەریتانیا سەدان سەربازی ڕەوانەی کابوڵ دەکاتەوە بە مەبەستی گواستنەوەی زیاتر لە چوار هەزار بەریتانی و نزیکەی دوو هەزار ئەفغانی کە مەترسی کوشتنیان لەسەرە لەلایەن تاڵیبانەوە بەهۆی کارکردنیان لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیادا.
ئەم بڕیارەی دووبارە گەڕانەوەیە، ژمارەی هێزەکانی بەریتانیا لە ئەفغانستان دەکاتەوە بە ٧٥٠سەرباز کە هەمان ژمارەی سەربازانی بەریتانی بوو بەر لە دەستپێکی کشانەوەی هێزەکانی ناتۆلە مانگی ڕابردوودا لەو وڵاتە.
ڕۆژی پێنجشەممە، بەرپرسانی بەریتانیا ڕایانگەیاند کە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە ناوچەی سەوز لە کابوڵ دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی پارێزراوتر بەڵام ئامادە نەبوون شوێنە نوێکە ئاشکرابکەن. کاری باڵیۆزخانەکە سنووردار دەکرێت و ئەرکی سەرەکی دابینکردنی ڤیزا دەبێت بۆ ئەو ئەفغانیانەی کە دەگوازرێنەوە بۆ بەریتانیا.
بێن واڵس ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، "ئاسایشی هاووڵاتی و سەربازانی بەریتانی و کارمەندانی ئەفغانی ئەرکی سەرەکی ئێمەیە."
لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند کە ناردنی هێزەکە بۆ ئەفغانستان لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوو دەبێت "لەژێر ڕۆشنایی زیادبوونی توندوتیژی و تێکچونی خێرای ئاسایشی وڵاتەکە."
سەرەڕای ناردنی ئەم هێزە، بڕیارە هەموو سەربازانی بەریتانیا سەرەتای مانگی ٩ لە ئەفغانستان بکشێنەوە لە چوارچێوەی ئەو دوابەروارەی کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دیاریکردووە بۆ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا. وڵاتانی تری ئەندام لە ناتۆ هەمان بڕیار جێبەجێ دەکەن.
خێرایی پێشڕەویەکانی تاڵیبان هەفتەی ڕابردوو بەشێکی زۆر لە کاربەدەستانی بەریتانیای توشی سەرسوڕمان کردووە. پێشڕەویەکان ڕەخنەی ئەندامانی کۆنەپارێزی لەناو پەرلەمان زیاد کردووە سەرەڕای ڕەخنەی ژەنەڕاڵە سەربازیەکان دژ بە بڕیاری ئیدارەی ئەمەریکا بۆ کشانەوە لە ئەفغانستان.
سەبارەت بەکشانەوەی هێزەکان لە ئەفغانستان، تۆم توگێندەت، ئەندامی پارتی پارێزگار و سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی گشتی ئەو وڵاتە، لە تویتەر ڕایگەیاند، "بڕیاری کشانەوە وەکو ئەوە وایە بەڕەیەک لەژێر پێی هاوبەشەکانمان دەربێنین."
تۆم کشانەوەکەی بە شکستێکی گەورەی ستراتیژی جوگرافی و دەوڵەت داری لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند، "کشانەوەی بەپەلە ئاماژەی سەرکەوتن نییە. پێویست بوون بە ناردنی هێزی زیاتر بۆ ئەوەی دەرگاکە بە کراوەیی بهێڵنەوە تاوەکو تۆ بڕۆیتە دەرەوە بەدڵنیاییەوە نیشانەی شکستە."
ئەم لێدوانە هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی شاری هێرات و قەندەهار لەلایەن شەڕکەرانی تاڵیبان.
ژەنەڕاڵ ریچەرد دانات، سەرۆکێکی پێشوی هێزی بەریتانیا، بەهەمان شێوە ڕەخنەی لە بڕیاری کشانەوە لە ئەفغانستان گرت. ئەو گووتی، "من نیگەرانم بەوەی جۆو بایدن ئەمەی دروستکرد چونکە کاتێک هێزە زۆر کەمکراوەکانی ناتۆ بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا هەر لە ئەفغانستان بوون ئێمە پشتگیری هێزی نیشتیمانی ئەفغانەکانمان دەکرد و ئەوان ڕێگریان لە پێشڕەوی تاڵیبان دەگرت. لەبەر ئەوەی ئەو بڕیاری کەمکردنەوە و ڕاکردنی دا ئەم بارودۆخە دروستبووە."
هێزەکانی ناتۆ بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا ٢٠ ساڵ لەمەوبەر ئەفغانستانیان داگیرکرد دوای هێرشە تیرۆرستیەکانی ١١ی سێپتەمبەر لەلایەن ئەلقاعیدە بۆ سەر ئەمەریکا. سەرکردەکانی ئەلقاعیدە لەوکاتەدا لەژێر سایەی حکومەتی ئەوکاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان بوون. بەدرێژایی دوو دەیە لە شەڕی ئەفغانستان ٤٥٦ ئەندامی هێزەکانی بەریتانیا و هاوڵاتی سەربە وەزارەتی بەرگری کوژراون.
وەزیری بەرگری بەریتانیا لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەکەی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئەو پێشتر بە ئاشکرا ناڕەزایی دەربڕیبو لەمەڕ ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان کە لەساڵی 2020 لەلایەن ئیدارەی پێشوی ئەمەریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد تڕەمپ ئەنجام درا.
وەزیر ڕایگەیاند، " ئەمە کاتێکی باش نەبوو و بڕیارێکی باش نەبوو چونکە، بەدڵنیاییەوە، ئەلقاعیدە لەوەدەچێت بگەڕێتەوە....من بە ئاشکرا ڕای خۆم دەربڕی لەکاتی ڕێککەوتنەکەی تڕەمپ...وام هەستدەکرد کە هەڵەبوو بەم شێوەیە بکرێت بەشێوەیەک کە هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باجی سەرئەنجامەکانی دەدات. بەڵام کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان وەکوبابەتێکی نیشتیمانی ئەو بڕیارەی دا، بەو شێوەیەی کە ڕێکخرابووین و چوبوین [بۆ شەری ئەفغانستان] واتای ئەوەبوو کە دەبوایە ئێمەش پێویستبوو بڕۆین."
جۆو بایدن رۆژی سێشەممە لە واشنتن بە ڕۆژنامەوانانی گووت کە ئەو پەشیمان نییە لە کشانەوەی هێزەکان سەرەڕای پێشڕەویە خێراکانی تاڵیبان.
بایدن لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئەمەریکا پابەندە بە بەڵێنەکانی کە بەحكومەتی ئەفغانستانی داوە لەڕێگەی پشتگیری نزیکی هێزی ئاسمانی بۆ سەربازانی ئەفغانی و دابینکردنی موچەی سەربازەکان و پێدانی کەلوپەل بە هیزە ئەفغانیەکان.
سەبارەت بەهێزەکانی ئەفغانستان، بایدن گوتی، "ئەوان دەبێت شەڕ بۆخۆیان بکەن. دەبێت بیانەوێت شەڕ بکەن."
سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا