Accessibility links

ئێران ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات بۆ مردن و توشبوون بەهۆی کۆرۆناوە


کر

کۆماری ئیسلامی ئێران، مردنی زیاتر لە 500 کەس ڕادەگەیەنێت بە پەتای کۆرۆنا و هەروەهاش ژمارەیەکی تری پێوانەیی تۆمار دەکات بۆ توشبوون بەم پەتایە.

هێشتاش ئێران یەکەم وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و کاربەدەستانیش دەڵێن "شەپۆلی پێنجەمی کۆرۆنایە و هۆکارەکەیشی جۆرە نوێیەکەی ئەم ڤایرۆسەیە."

وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت "542 کەس لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا مردون و 36619 کەسیش توشی پەتای کۆرۆنا بوون جۆری دێلتا.

لەوەتای کۆرۆنا لە ئێران بڵاوبۆتەوە لە مانگی 2 ساڵی 2020ەوە، تا ئێستا 94015 کەس گیانیان لەدەستداوە لە سەرجەم ئەو 4 ملیۆن و 158 هەزار و 729 کەسەی توشی ئەم پەتایە بوون، بەپێی ئەو ئامارە فەرمیانەی ئێران خۆی بڵاویان دەکاتەوە.

پێشتر کاربەدەستانی ئێرانی ئاماژەیان بەوە دەکرد، ئەو ژمارە فەرمیانەی بڵاودەکرێنەوە، ناکرێت وەک ژمارەی ڕاستەقینەی مردن و توشبوون لێیان بڕوانرێت.

سەرۆکی نوێی ئێران هاوکاتی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەی لەگەڵ دەستەی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید 19، جەختی کردۆتەوە لەوەی وەک دەڵێت "لە هەفتەی ئایندەدا هەڵسەنگاندنی پلانی نوێ دەکرێت بۆ شێوازی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا."
ئیبراهیم ڕەئیسی هیچ وردەکارییەکی ئەو پلانە نوێیەی باسنەکردووە، بەڵام پەیمانی داوە بۆ پشتیوانیکردنی ڤاکسینی دروستکراوی ئێرانی و ئەوەشی ڕاگەیاندووە "بەبێ هیچ دوو دڵییەکیش لە هەمان کاتدا ڤاکسینی ئەم پەتایە لە دەرەوەش هاوردە دەکرێت."

لەوەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێوشوێنی داخستنی گشتییان نەگرتۆتەبەر هاوشێوەی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان. دەسەڵاتداران هۆکاری نەگرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانەیان بە پلەی یەکەم گەڕاندۆتەوە بۆ ئەو ڕەوشە قورسەی ئابورییەوە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە.

ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێنومایی داوە بە دەستەی بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا تا "هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بیگیرێنەبەر" بۆ کۆنترۆڵکردنی شەپۆلی نوێی ئەم پەتایە. ئەم ڕێنوماییەی خامنەئی، دوای ناردنی نامەیەک بووە لەلایەن سەعید نمەکی وەزیری تەندروستی ئێران و داواکردنی ئەوەی "بۆ 2 هەفتە وڵاتەکە دابخرێت" تا بتوانرێت بەرەنگاری هەروادێ زیاتربوونی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە ببنەوە.

کاربەدەستانی ئێرانی گازەندە و سکاڵا دەکەن لە سزاکانی ئەمەریکا وەک دەڵێن "بەهۆی ئەو سزایانەوە ناتوانرێت ڤاکسین لە دەرەوە بکڕن چونکە ڕێگە نادرێت بە گواستنەوی پارە."

بەپێی لێدوانی کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە سەرجەم 83 ملیۆن دانیشتوانی ئێران نزیکەی 12 ملیۆن و 500 هەزار کەس ڤاکسینی یەکەمی دژە کۆرۆنایان بەکار هێناوە و 3 ملیۆن و 7 هەزار کەسیش هەردوو ڤاکسینەکەیان بەکارهێناوە.

XS
SM
MD
LG