Accessibility links

شەڕێکی سەخت لە نێوان هێزەکانی ئەفغانستان و تالبیان لە پایتەختەکانی سێ پارێزگادا بەڕێوە دەچێت


لە ئەفغانستان شەڕێکی سەخت لە نێوان هێزەکانی حکومەت و تاڵیبان لە شاری هیراتی پایتەختی پارێزگای هیرات لە نزیک سنووری ئێران وشاری لەشکەرگای پایتەختی پارێزگای هێلمەند بەڕێوە دەچێت هاوکات شەڕ و پێکدادان لە دەوروبەری قەندەهار پایتەختی پارێزگای قەندەهار و دووهەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتە بەردەوامە.

بە پێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان حکومەت داوای لە خەڵکی ئەو ناوچانەی لەشکەرگا کە لە ژێر دەستی تالیباندان، کردووە بە زووترین کات لە ناوچەکە دەرچن چونکە هێزەکانی حکومەت ڕەنگە دەستبە بۆردومانکردنی ناوچەکە بە سەختی بکەن.

ڕۆژنامەوان عەزیز ئەحمەد شەفیع لە لەشکەرگاوە لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی تالیبان هەوڵ دەدات بە زووترین کات لەشکەرگا کۆنترۆڵ بکات ئەو دەڵێت " هێزەکانی تالیبان هاتوونەتە نێو شارەکەوە".

ئەو ڕۆژنامەوانە پێیوایە لەشکەرگا دەبێتە یەکەم پایتەختی پارێزگایەک کە ساڵی 2016 وە هەتا ئێستا بکەوێتە ژێر دەستی تالیبان.

لە ساڵی 2016 دا تالیبان بۆ ماوەیەکی کەم توانی کوندوزی پایتەختی پارێزگای کوندوز کۆنترۆڵ بکات.

عەزیز ئەحمەد شەفیع بە بەشی ئۆردوی دەنگی ئەمەریکای ڕاشگەیاند بە هۆی شەڕەوە هەزاران کەس ناچار بوون کۆچ بکەن. ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان لە شارەکەوە بەرەو ناوچەکانی دەرەوەی شار دەڕۆن.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیگەرانی خۆی لە بارودۆخی هێلمەند دەربڕی بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەکرێت هەزاران هاووڵاتی بەهۆی شەڕی بەردەوام لە نێوان هێزەکانی ئەفغانستان و تالیباندا گیربخۆن.

ڕۆژی چوارشەممە ستیفن دوجارک گوتەبێژی نەتەوە یەکگرگووەکان بە پەیامنێرانی گوت لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بەهۆی ڕەوشی ئەفغانستان 360 هەزار کەس لە ماڵەکانی خۆیان ئاوارە بوون.

نەتوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا دەڵێت " نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانییەکی قوڵی هەیە لەمەڕ سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە خەڵکی لەشکەرگا لە باشوری ئەفغانستان، کە دەشێت دەیان هەزار کەس بەهۆی شەڕەکانەوە لەوێ گیربخۆن.

ئەرکی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان وابەستەیە بە مانەوەی و هاوکاری کردنی سەرباری خراپبوونی ڕەوشەکە."

ڕۆژنامەوان عەزیز ئەحمەد شەفیع گوتیشی هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان لەگەڵ بۆردومانەکاندا دەستیشیان کردووە بە گەڕان ماڵ بە ماڵ بۆ دۆزینەوەی چەکدارانی تالیبان.

بە پێی ڕاپۆرتەکانی ناوچەکە هێزەکانی ئەفغانی تەواوی ڕێگە سەرەکییەکانیان بۆ ناو لەشکەرگا گرتووە تا بتوانن ڕێگری لە هاوکاری زیاتر بۆ تالیبان بکەن.

تالیبانیش دەڵێت گوایە لە یەکی مانگی پێنجەوە هەتا ئێستا زیاتر لە نیوەی شارۆچکە و قەزاکانی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کردووە و پاش ئەوەش دەستیان بە هەوڵەکانیان کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شارەگەورەکان و پایتەخی پارێزگاکان.

لەلایەکی تریشەوە چاودێران دەڵێن هەرچەندە تالیبان بە خێرایی پێشڕەوی دەکات بەڵام لە هەر شوێنێک کە ڕووبەڕووی هێزی تایبەتی ئەفغانی بووبێتنەوە لەوێ نەیانتوانیوە بەرەوپێش بڕۆن.

XS
SM
MD
LG