سەرۆکی عێراق بەرهەم ساڵح ڕۆژی پێنجشەممە لە تاران لەگەڵ سەرۆکی نوێی ئێران ئیبراهیمی ڕەئیسی کۆبووەوە.
ئۆفیسی سەرۆکایەتی عێراق لە تویتێکدا سەردانەکەی ڕاگەیاندووە و دەڵێت " سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵح لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری نوێی ئێران کۆبووەوە لە تاران، بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و ئێران و ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی هەردوو وڵات و سەبارەت بە دۆسێ هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و پتەوکردنی پەیوەندەییکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گفتوگۆکرا."
پاشان لە تویتێکی تردا ڕاگەیەندراوە بەرهەم ساڵح " لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە تاران، پێشوازیکرد لە موحسین ڕەزایی، سکرتێری گشتی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران"
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیش ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە تاران بۆ بەشداریکردن لە مەڕاسیمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئێران. سەرۆکایەتی هەرێم لە تویتێکدا سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی ڕاگەیاندووە.
سەبارەت بە بەشداری کردنی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە مەڕاسیمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئێران سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند " به‌شداریکردنی عێراق یاخود به‌رپرسانی عێراق وه‌کو سه‌رۆک کۆمار و به‌رپرسانی تری عێراقی له نێوان ئه‌وانه‌شدا هه‌رێمی کوردستانیش به پێگه‌ی به‌شتێکی ئاسایی ده‌بینرێت، وه به‌شداریکردنیشیان له‌و ڕێوڕه‌سمه له‌ئاستێکی به‌رزی هه‌رێم ده‌لاله‌ته له‌و بایه‌خدانەی ئێران هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و دۆستایه‌تیه دێرینه‌ی که له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌بووه ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێنێت که هه‌رێمی کوردستان له هاوکێشه سیاسیه‌که‌ی ناوچه‌که‌دا جێگه‌یه‌کی خۆی هه‌یه."
لە هەڵبژاردنەکانی مانگی شەشدا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا ڕێگە نەدرا بە کۆمەڵێک کاندیدی دیار بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن.
ڕەئیسی لەکاتێکدا دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئێران دەگرێتە دەست کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری گەورە بۆتەوە، بە کاریگەریی سزاکانی ئەمەریکاشەوە.
لە ساڵی 2019 دا ڕەئیسی وەکو سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەستنیشانکرا، لە مانگی یانزەی هەمان ساڵدا ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەریدا، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی ڕەئیسییەوە لە کوشتنی هەزاران زیندانی سیاسی لە ساڵی 1988 دا.
.