Accessibility links

باراک ئۆباما ئاهەنگی 60هەمین ساڵیادی لە دایکبوونی بچووک دەکاتەوە


سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما گۆڕانکاری لە پلانەکەی بۆ ئاهەنگی 60هەمین ساڵیادی لە دایکبوونی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەکات لە کاتێکدا ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا زیادی کردووە. بڕیارە ئەو ئاهەنگە لە کەنار دەریا لە ماساچوسێتس ئەنجام بدرێت.

ئۆباما، کە لە ساڵی 2017 کۆتایی بە دوو خولی سەرۆکایەتییەکەیدا هات، لەگەڵ میشێڵی هاوژینی، 475 کەسیان بۆ ماڵی پشوودانیان لە دورگەی مارتاس ڤینیارد بانگهێشت کردبوو، بەڵام لە ئێستادا ژمارەی میوانەکانیان سنووردارکرد تەنها بۆ ئەندامانی خێزان و هاوڕێ زۆر نزیکەکانیان.

باراک ئۆباما ڕۆژی چوارشەممە بوو بە 60 ساڵ بەر لەو ئاهەنگەی کە پلانی بۆ دانراوە لە ماڵە حەوت ژوورەکەی کە لە ساڵی 2019 بە 11 ملیۆن و 75 هەزار دۆلار کڕییان، ئەنجام بدرێت.

بە پێی هەواڵەکان ئەو میوانانەی کە بانگهێشت کرابوون، چاوەڕوان دەکرا بریتیبن لە ژمارەیەک لە یاریدەدەرەکانی 44 هەمین سەۆرکی ئەمەریکا، ڕێبەرە دیموکراتەکان و هەروەها چەند کەسایەتی ناوداری وەکو جۆرج کلونی و ئۆپرا وینفری. هەتا ئێستاش نازانرێت کام لەم کەسایەتیانە لە لیستەکە دەمێننەوە.

ئەو ئاهەنگە بووە هۆی ڕەخنەی کۆمارییەکان کە دەڵێن ئۆباما بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا پشگوێدەخات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆک جۆو بایدن ڕەخنە لە فەرمانڕەوا کۆمارییەکانی ویلایەتەکان دەگرێت بەهۆی ئەوەی قائیل نابن بەوەیدانانی دەمامک و ڤکسین بکەن بە مەرج لە ویلایەتەکانیاندا.

گوتەبێژی ئۆباما هانا هانکینس ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند " بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆری دێڵتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، سەرۆک ئۆباما و خانم ئۆباما بڕیاریان داوە بۆنەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕن و تەنها ئەندامانی خێزان دۆستە نزیکەکانیان بانگ بکەن. ئەو سوپاسگوزاری ئەو کەسانەشە لە لە دوورەوە پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایکبوونی لێدەکەن و هیوادارە بتوانێت بە زووترین کات خەڵکی ببینێت."

ئەوانەی کە پلانی ئاهەنگەکەیان دانابوو دەڵێن ئەگەر ئاهەنگەکەش بکردرابایە ئەوا هەموو پرۆتۆکۆڵەکانی تەندروستی حکومەتی خۆجێهی، ویلایەتەکە و فیدراڵیش ڕەچاودەکران لە ناویاندا پشکنینی کۆڤید-19ش. ئەم ئاهەنگە سەرەتا کاتێک پلانی بۆ دارێژرابوو کە ڕێژەی توشبوون بە کۆرۆنا لە سەرانەری ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆوە بینیبوو، بەرلەوەی ئەم شەپۆلە نوێیە سەر هەڵبداتەوە.

سەرۆک بایدن کە لە کاتی سەرۆکایەتی ئۆباما جێگری سەرۆک بوو، چاوەڕوان نەدەکرا بچێت بۆ ئەو ئاهەنگەوە.

XS
SM
MD
LG