Accessibility links

کاربەدەستانی تەندروستی لە ئێران هۆشداری لەمەڕ بەرزبوونی ڕێژەی مردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا دەدەن


وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێتڕۆژی سێشەممە 378کەس بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەو وڵاتەدا گیانیان لەدستداوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو ڕێژەیە بەراورد لەگەڵ ڕۆژێک پێشتر بە پێی ئامارەکانیئەو وزەارەتە کەمی کردووە.

سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاندبوو کە 411 کەس لە ماوەی 24 کاتژمێردا بە هۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەمەش لە کاتێکدا ڕێژەیمردن بەهۆی ڤایرۆسەکەوە 38% بە بەراورد لەگەڵهەفتەی ڕابردوو بەرز بووەتەوە.

شەپۆلی پێنجهەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران لە کاتێکدا بەم شێوەیە خەڵک دەکاتە قوربانی، بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکە هێشتانەگەیشتووەتە لوتکەی خۆی.

ڕۆژنامەی ئێران کە سەر بە حکومەتە، ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بەرزبوونەوەی ژمارەی زۆری مردنەکان کردووە بە هۆی ڤایرۆسەکەوە و دەڵێت لە هەندێک لە پارێزگاکاندا شوێنی پێویست نییە بۆ بەخاکسپاردنی تەرمەکان.

عەلیڕەزا زاڵی، بەرپرسی بەشی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاران ڕایگەیاندووە ئەگەر ڕەوشەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا دەبێت چاوەڕێی ڕۆژانی قورستر و خراپتر بکەین و دەشڵێت لەوانەیە ڕۆژانە نزیکەی 600 کەس گیانیان لەدستبدەن، چونکە شەپۆلی پێنجهەم و ڤایرۆسە جۆرە نوێکەی کۆرۆنا کە بە دێلتا ناسراوە، زۆر جیاوازە لەوەی تاکو ئێستا بینراوە.

هەروەها ئیرەج حەریرچی، جێگری سەرۆکی وەزارەتی تەندروستی لە کاناڵێکی میدیایی حکومەتدا ڕایگەیاندووە ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بڕوات و ڕێنماییە تەندروستییەکان پەیڕەو نەکرێن، ئەوا ڕێژەی مردنەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئێران دەگاتە نزیکەی 800 کەس لە ڕۆژێکدا .

هاوکاتی خراپی دۆخی کۆرۆنا لە ئێراندا کێشەی گرانی و نەبوونی دەرمانیش گرفتێکی ترە لەو وڵاتە. بە پێی هەواڵێکی 'تجارت نیوز' کە دەزگایەکی هەواڵنێری بنکە لە ئێرانە، دەرمانسازێکی شاری تاران بەو بنکەی هەواڵەی ڕاگەیاندووە تەنانەت کێشە لە بەرهەمهێنانی سێروم (موغەزی)شدا هەیە.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئێران هۆشداری داوەتە زانکۆ پزشکییەکان و خزمەتگوزاریە تەندروستییەکان لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا سەبارەت بە پڕکردنەوەی شووشە بەتاڵەکانی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە کاتێکدا نەخۆشخانەکان لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا خەریکن پڕ دەبن لە نەخۆشەکانی کۆرۆنا، هەواڵێکی 'تجارت نیوز' دەڵێت "هەندێک لە نەخۆشخانەکان بڕی 5 ملیۆن تمەنی ئێرانی بۆ شەوێک لە نەخۆشێک وەردەگرن."

تجارت نیوز دەشڵێت "ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی له ماڵه وه خزمەتگوزاری چاودێری پێشکەشی نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن و بۆ ماوەی 10 شەو 140 ملیۆن تەمەن لە نەخۆشەکە وەردەگرن."

زۆرێک لە ڕەخنەگران تەنیا ڕێگای دەرباز بوون و چارەسەری قەیرانەکە بە خێراکردنی پرۆسەی کوتان دەزانن.

ئێران بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان و تەنانەت هەندێک لە وڵاتانی دراوسێشی، ڕەوتی کوتانی ڤاکسینی زۆر خاوە بووە.

وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاندووە کە کۆی گشتی ئەو ڤاکیسنانەی کۆرۆنا کە تاکو ئەمڕۆ (سێشەممە ، 3 ی مانگی 8) لێدراون، 13 ملیۆن و 81174 ڤاکیسن بوون.

زۆرێک لە ئێرانییەکان بۆ کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا گەشتیان بۆ وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەت ئەرمەنستان کردووە و هەندێ ڤیدیۆیان بڵاو کردوەتەوە کە پیشانی دەدا خەڵکی ئێران لە وڵاتی ئەرمەنستان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە سەرەدا چاوەڕێ وەرگرتنی ڤاکسینەکەیان کردو، بە شێوەیەک کە دەوترێت هەندێکیان بە هۆی گەرما و ماندووبوونی زۆرەوە بووراونەتەوە.

XS
SM
MD
LG