Accessibility links

کۆرۆنا ژمارەی پێوانەیی بە ئێران تۆمار دەکات


وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت ژمارەی توشبووان بە پەتای کۆرۆنا، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە سەرو 37 هەزار کەسەوەن، هاوکاتی ئەوەی ژمارەی گیان لەدەستدانیش بەهۆی ئەم پەتایەوە لە 24 کاتژمێردا، بە ژمارەیەکی پێوانەیی دادەنرێت لە 3 مانگی ڕابردوودا.

لەم 24 کاتژمێرەی پێشوودا، 37189 کەس تۆمارکراون کە پەتای کۆرۆنایانە و بەمەش ژمارەی ئەوانەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆڤید 19ن لەوەتای پەتاکە بڵاوبۆتەوە لە ئێراندا گەیشتۆتە 3 ملیۆن و 940 هەزار و 708 کەس.

ئەم ژمارە پێوانەییانەش بۆ چوارهەمین جارە لە ئێراندا لە ماوەی 2 هەفتەی ڕابردوودا و کاربەدەستانی ئێرانیش بە شەپۆلی پێنجەمی پەتاکە ناودێری دەکەن.

لە ناو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پەتای کۆرۆنا بە خراپترین شێوە لە ئێرانی داوە ووەک وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکەش دەڵێت لەم 24 کاتژمێرەی ڕابردوودا 411 کەس بە پەتاکە مردون و تا ئێستاش 91 هەزار و 407 کەس لە ئێراندا بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە.

پێشتر دەسەڵاتدارانی ئێران دانیان بەوەدا ناوە ئەو ژمارە فەرمیانەی بڵاودەکرێنەوە، هی هەر هەموو توشبووان و زیانە گیانییەکان نین؛ هەروەهاش لۆمەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوون بەم پەتایە لە ئەستۆی هێورکردنەوەی ڕێوشوێنە تەندروستییەکان و بڵاوبوونەوەی "دێلتا" شێوازە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆڤید19 دەنێن.

ئێران هیواکانی خۆی لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا هەڵچنیوە بۆ لەناوبردنی ئەم پەتایە، بەڵام هەڵمەتەکانی بۆ بەکارهێنانی ڤاکسین لە مانگی 2ی ڕابردووەوە دەستیان پێکرد، خاوتربوون لەوەی بەرنامەی بۆ دانرابوو.

ئێران کە لەژێر فشاری سزاکانی ئەمەریکادایە و قورسە بۆی تا پارە بگوێزێتەوە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، دەڵێت لەو هەوڵێکی زۆردایە تا ڤاکسین هاوردەی وڵاتەکەی بکات.

وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت تا ئێستا زیاتر لە 10 ملیۆن و 200 هەزار کەس ڤاکسینی یەکەمیان وەرگرتووە و 2 ملیۆن و 700 هەزار کەسیش هەردوو جارەکە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

XS
SM
MD
LG