Accessibility links

ژمارەی قوربانیانی ئاگر کەوتنەوەی دارستانەکانی تورکیا لە هەڵکشاندایە


ژمارەی ئەوانەی بەهۆی ئاگر کەوتنەوەی دارستانەکان لە کەناراوەکانی باشووری تورکیا گیانیانلەدەستداوە بەرزبوویەوە بۆ چوار کەس، تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە بۆ چوار ڕۆژە بەردەوام لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان گوند و چەند هۆتێلێک چۆڵکراون.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا لە هەرێمەکانی ئیجە و کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست و هەروەها ناوچە نێو خۆییەکان، زیاتر لە 70 ئاگری گەورە لە هەرێمەکان کەوتوونەتەوە، ڕاشیگەیاند هێشتا 14 ئاگری دیکە کۆنترۆڵ نەکراون.

فڕۆکەکانی ڕوسیا و ئۆکرانیا و ئازەربایجان کۆمەکی تورکیا دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان.

کاربەدەستان ڕایانگەیاند لەم هەفتەیەدا زیاتر لە 70 ئاگری گەورە لە 17 هەرێمی کەناراوەکانی دەریای ئیجەی تورکیا و کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست کەوتوونەتەوە.

وەزیری دارستان بەکر پاکدەمیرلی ڕایگەیاند لە شەش هەرێمدا ئاگر کەوتۆتەوەو بەرپرسان بەڵێنیانداوە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە دەربکەوێت بەرپرس بوون لە کەوتنەوەی ئاگرەکان.

چەند گوند و هۆتێلێک کە ناوچەی گەشتیاری بەناوبانگن لەو ناوچانەدا چۆڵکراون، هەروەها گرتە ڤیدۆکان ئەوە نیشان دەدەن کە خەڵکی ئەو ناوچانە کاتێک دەبینین ئاگرەکە لە ماڵەکانیان نزیک بۆتەوە لە کێڵگەکان هەڵدێن.

پاکدەمیرلی ڕاشیگەیاند، هێشتا ئاگر لە شەش هەرێم بەردەوامە، لەوانە ناوچە هاوینەهەوارەکانی ئانتالیا و هاوینەهەوارەکانی کەناراوەکانی دەریای ئیجە لە موگلا.

XS
SM
MD
LG