Accessibility links

کاردانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەمەڕ خۆپیشاندانەکانی ئێران


خۆپیشاندانە نوێکانی ئێران کە دووهەفتە پێش ئێستا لە چەند شاری جیاوازی پارێزگای خوزستان لەدژی قەیرانی کەم ئاوی و ناکارامەیی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەستیپێکرد، لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەرچاو پارێزگا جیاوازەکانی ئێران لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەوە بگرە هاتا باکووری ڕۆژهەڵات و ناوەندی ئەو وڵاتەشی گرتووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر ناڕەزاییەکانی ئێران بەیاننامەیەکی دەرکردووە و تیایدا جەخت لەسەر مافی خەڵکی ئێران دەکاتەوە بۆ ئازادی ڕادەربڕین و دەستڕاگەیشتنی ئازادانەیان بە زانیارییەکان.

لەو بەیاننامەیەدا کە بەنێوی نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "ناڕەزاییەکانی خوزستان لە ئێران کە بە هۆی کەم ئاویی لە ئەنجامی وشکەساڵیی و خراپ بەڕێوەبردن و پشتگوێخستنی حکومەت دروست بوو، ئێستا چەندین شاری تری کە بریتین لە تاران، کەرەج و تەورێز گرتووەتەوە و لە ئێستادا گەلانی ئێران نەک تەنها داوای پێداویستییە بەدینەهاتووەکانیان دەکەن، بەڵکو داوای ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤیش دەکەن، ئەو مافانەی کە هەموو تاکێک لەجیهاندا دەبێت هەیبێت."

نێد پرایس"خەڵکی ئێران مافی ئەوەیان هەیە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دەرببڕن و داوای بەرپرسیارکردنی حکومەتەکەیان بکەن." لە درێژەشدا دەڵێت "بەڵام راپۆرتی جێگای نیگەرانیمان پێگەیشتوە کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و لە ئەنجامدا چەندین کەس کوژران و ئێمە بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز شەرمەزار دەکەین و پشتیوانی لە مافی خەڵکی ئێران دەکەین کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە کۆببنەوە و ڕایخۆیان دەرببڕن بەبێ ئەوەی ترسیان لە توندوتیژی و دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەبێت." بەیاننامەکە دەشڵێت "هەروەها چاودێری ڕاپۆرتەکان دەکەین لەسەر خاوبوونەوەی ئەنتەرنێت لە ناوچەکەدا."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوای لە حکومەتی ئێران کردووە رێگا بە خەڵکەکەی بدات مافەکانیان بۆ ئازادی ڕادەربڕین و دەستڕاگەیشتنی ئازادانەیان بە زانیارییەکان لەوانە لە ڕێگای ئەنتەرنێتەوە بەکاربهێنن.

میدیا و بەرپرسانی حکومەتی ئێران هەوڵ دەدەن خۆپیشاندانەکان کورت بکەنەوە بۆ کێشەی کەمی ئاو و کارەبا، بەڵام لە زۆربەی گردبونەوە و ناڕەزایەتییەکاندا، دروشمەکانی دژی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەری باڵای ئێران دەوترێنەوە.

میدیاکانی دەوڵەتی ئێران دەڵێن لە خۆپیشاندانەکاندا تاکو ئێستا لانیکەم پێنج کەس کوژراون، کە لە ناویاندا ئەفسەرێکی پۆلیسیش، بەڵام دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تاکو ئێستا ناوی 10 لە خۆپیشاندەرانیان بڵاو کردوەتەوە کە کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی 50 کەس لە پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان و شاری بۆکان دەستگیر کراون.

هاوکاتیش لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزاییە جەماوەرییەکاندا لە شارەکانی ئێران، نوێنەرانی پارلمان ڕۆژی چوارشەممە لەسەر ئەوە ڕێککەوتن لە کۆمسیۆنی کولتوری پەرلەماندا کار لەسەر پلانێک بکەن بۆ سنووردارکردنی ئەنتەرنێت لە ژێرناوی پاراستنی مافی بەکارهێنەران و خزمەتگوزارییە سایبرییە کارپێکراوەکان.

بڕیارەکەی نوێنەرانی پارلمان کاردانەوەیەکی زۆری لە ناو خەڵکی ئێران و بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە و لەدژی ئەو پلانە قسە دەکەن و دەڵێن پلانەکە خیانەتکردنە لە مافی بەکارهێنەران نەوەک پاراستی مافی بەکارهێنەران.

XS
SM
MD
LG