Accessibility links

هێمن قادر : لەوانەیە بەکارهێنانی ڤاكسین ببێتە مەرجێك بۆ فەرمانبەران


جێگری پارێزگاری هەولێر ئاشكرای دەكات، پرۆسەی دابەشكردنی ڤاكسین و كردنەوەی بنكە و ناوەندی تری ڤاكسین زیاد دەكرێن و لەوانەیە ببێتە مەرجێكیش بۆ فەرمانبەران كە لەمەوپاش دەبێت فەرمانبەرانیش بە ئیجباری خۆیان بكۆتن.

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت "ڕێكارەكان بەرەو توندی دەچن لە بابەتی خۆپارێزی وەك دەمامک کردن و دروستنەكردنی قەرەباڵغی لە شوێنە گشتیەكان و داخستنی هۆڵەكانی ئاهەنگ گیڕان و بۆنەكانی تری ئاینی وەكو پرسە و هەموو ئەو گردبوونەوانە قەدەغەكراون." جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت "لیژنەكانی قایمقامیەت و هێزەكانی ئەمنی و شارەوانی و تەندروستی ڕاسپێردراون بۆ داخستنی هەموو ئەو شوێنانە و شوێنە گشتیەكانیش ئاگاداربكەنەوە كەوا هیچ هاوڵاتیەك بەبێ ماسك سەردانی شوێنە گشتیەكان نەكەن و بۆ هاتنەوەی دەوامیش دەبێت لە هەموو دامودەزگاكانی حكومەتدا، هەم فەرمانبەران و هەمیش ئەو هاوڵاتیانەی بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان سەردانی فەرمانگەكان و بەڕێوەبەرایەتیەكان دەكەن دەبێت ماسك ببەستن و لە هەمانكاتیشدا ئاگاداری هەموو هاوڵاتیان و فەرمانبەرانیش كراوەتەوە كە لەمەوپاش دەبێت بە زووترین كات هەوڵی ئەوە بدرێت ڤاكسین وەربگرن و خۆیان بکوتن."

ناوبراو دەشڵێت" ئێمەش وەكو ئیدارە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێرپرۆسەی دابەشكردنی ڤاكسین و كردنەوەی بنكە و ناوەندی تری ڤاكسین زیاد دەكەین لە هەمانكاتیشدا لەوانەیە ببێتە مەرجێكیش بۆ فەرمانبەران لەمەوپاش دەبێت فەرمانبەریش بە ئیجباری خۆیان بكوتن".

لەبارەی گلەیی و ناڕەزایەتی و ئەو ڕەخنانەی بەشێك لەو خەڵكەی كە پێیان وایە بەهۆی داخستنی هەندێك شوێن تووشی زەرەر و زیانی مادی دەبن، جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت "ڕاستە تووشی گلەیی و گازندەیەكی زۆر دەبین بەڵام دۆخەكە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و هەموو وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە ئەوەی ئێمە لە هاوڵاتیان داوا دەكەین تەنها بەستنی ماسك و دوركەوتنەوەیە لە یەكتر داواكاریەكی قورسمان نەكردووە و داواكاری ئێمەش بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیانە بۆیە پێویستە هاوڵاتیان هاوكاربن لەو بارۆدۆخە نەخوازراوەی ئێستا هەیە بۆ ئەوەی بتوانین لەو شەپۆلەی ئێستا كە بەرەو هەڵكشانێكی زۆرە بەپێی ئامارەكان و شارەزای پزیشكی پسپۆر دەڵێن چوار تاوەكو شەش هەفتەی پێویستە تاوەكو ئەو شەپۆلە بەرەو بەرزبوون بچێت و جارێكی تر بەرەو نزمبوونەوە بێتەوە."

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت" زەرەرمەندی یەكەم لەو بارۆدۆخە حكومەت دەبێت، حكومەت ئەركی قورس دەبێت لە داهات و لە هەمانكاتیشدا خەرجی زۆر دەبێت بۆ دابینكردنی بۆدجەیەكی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، ژیانی هەر كەسێك لە مەترسیدا بێت كاركردنەكەی لەوانەیە سودی نەبێت بۆیە لە لای ئێمە تەندروستی گشتی گرنگترە لە بەرژەوەندی كەسی."

لەبارەی ڕێكارەكانی بازگەكان بەهۆی هاتنی گەشتیاران و هاوڵاتیان بەگشتی بۆ شاری هەولێر، جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند" سەبارەت بە بازگەكانی نێوان هەولێر و شارەكانی تری عێراق بەپێی بەیانی ژمارە 23 ی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت هەر هاوڵاتیەك پێش وەختە پشكنینی هەبێت بە مەرجێك پشكنینەكەی 72 كاتژمێری بەسەردا نەچووبێت و لە هەمانكاتیشدا تیمی تەندروستی لە بازگەكان دەبن و پشكنین ئەنجام دەدەن بۆ ئەو هاوڵاتیانەی دێنە ناو شاری هەولێر."

هێمن قادر، دەڵێت " خاڵی پشكنین دادەنرێت ئەو هاوڵاتی یان شۆفێرەی كە پابەند نابێت دەستبەجێ غەرامە دەكرێت و هەر شۆفێرێكیش كە پابەند نەبێت بە بەستانی ماسك و سەرنشینەكانیشی ئەوا بە بڕی 50 هەزار دینار غەرامە دەكرێت دەستبەجێ پارەكەی لێ وەردەگیرێت یان بەشێوەی ئەلیكترۆنی غەرامەی لەسەر دەنوسرێت پاشان بۆ ڕاییكردنی هەر مامەڵەیەكی ئۆتۆمبێلەكەی یان مۆڵەتی لێخۆڕینەكەی ئەو بڕە پارەیەی لێ دەسەندرێت."

زانیاری زیاتر لە دقی ئەم وتووێژەی ئەحمەد زێباری، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:48 0:00


XS
SM
MD
LG