Accessibility links

گوتەبێژی تالیبان: لە حکومەتێکی نوێی ئەفغانستاندا کە تالیبانی تێدابێت، ڕێگە بە خوێندنی کچان، کارکردنی ژنان و بەشداری سیاسی ژنان دەدرێت


تالیبان دەڵێت ناخوازێت دەسەڵات قۆرخ بکات، بەڵام جەختیش لەوە دەکاتەوە ئاشتی لە ئەفغانستاندا نایاتەدی هەتا ئەوکاتەی حکومەتێکی نوێ لە کابوڵ پێکنەیات و سەرۆک ئەشرەف غەنی لەسەر دەسەڵات لانەچێت.

لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی ئەشۆشیەیتد پرێس گوتەبێژی تالیبان سوهەیل شاهین، کە ئەندامی دەستەی دانوستاندکاری گروپەکەشە، هەڵوێستی ئەو گروپە یاخیبووەی خستەڕوو لەسەر داهاتووی وڵاتەکە.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا تالیبان زۆر بە خێرایی چەند خاڵێکی سنووری ستراتیژی کۆنترۆڵ کردووە و هەڕەشەی کردووەتە سەر پایتەختی چەند پارێزگایەک، لە کاتێکدا بەشی کۆتایی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە وڵاتەکەدا دەردەچن. لەم هەفتەیەشدا ئەفسەری باڵای لەشکری ئەمەریکا ژەنەڕاڵ مارک میلی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە پەنتاگۆن گوتی تالیبان " تەوژمێکی ستراتیژیی" هەیە و ئەوەشی بە دوورنەزانی کە تالیبان بتوانێت بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکات. بەڵام گوتی ئەوە شتێکی مسۆگەر نییە " پێم وا نییە درەنجامەکە دانرابێت."

یادەوەریەکانی کە نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر بۆ دواین جار تالیبان دەسەڵاتی لەدەستدابوو ئەو کاتەی ئەوان زۆر بە توندی پەیڕەوای یاسای ئیسلامیان دەکرد کە تەنانەت ڕێگەی خوێندنی کچانیان نەدادا و کارکردنی ژنانیان قەدەغە کرد، بووەتە هۆی ترسی گەڕانەوەیان لە نێو زۆربەی ئەفغانییەکاندا.

ئەفغانییەکانی کە لە توانایاندایە پارەیەکی زۆر دەدەن بۆ وەرگرتنی ڤیزاو تا ئەفغانستان جێبهێڵن لە ترسی ئەوەی ئەم توندوتیژییانە کارەستای لێبکەوێتەوە.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە %95 ی کۆتاییپێهاتووە و بڕیارە لە 31 ی مانگی هەشت بە تەواوەتی کۆتاییپێبێت.

شاهین گوتی تالیبان کاتێک چەک دادەنێت کە حکومەتێکی مشتومڕلەسەر کراوی کە هەموو لایەنەکان ڕەزامەندییان لەسەری هەبێت لە کابول جێگیربێت و حکومەتەکەی غەنی نەمێنێت.

ئەو گوتی " دەمەوێت ئەوە ڕوونبکەمەوە ئێمە بڕوامان بە قۆرخکردنی دەسەڵات نییە چونکە هەر حکومەتێک کە لە ڕابردوودا ویستبێتی دەسەڵات قۆرخ بکات حکومەتی سەرکەوتوو نەبووە." ئەو حکومەتانە بیرتین لە ڕۆڵی پێنج ساڵەی خودی تالیبانیش " جا ئێمە نامانەوێت هەمان شێواز دووبارە بکەینەوە."

لە هەمانکاتیشدا هیچ لەبەردانواندنی لەسەر بەردوامی حوکمی غەنی نیشان نەدا و بە شەڕفرۆش ناودێری کرد و تۆمەتباری کرد بەوەی وتارەکەی ڕۆژی سێشەممەی لە ڕۆژی جەژنی قوربانی موسوڵمانان بەکارهێناوە بۆ بەڵێندان بۆ هێرشێکی دژ بە تالیبان. شاهین مافی غەندی بۆ حوکمڕانی ڕەتکردەوە و ئەو تۆمەتانەی دووپاتکردەوە کە فرتوفێڵی فراوانکراوە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2019 بۆ سەرکەوتنی غەنی. پاش ئەوە هەڵبژاردنە هەردوو غەنی و عەبدڵا عەبدوڵای بەرهەڵستی خۆیان وەکو سەرۆک ڕاگەیاند. پاش ڕێککەوتنێکی لەبەردانواندن، عەبدوڵا عەبدوڵا کشایەوە و ئێستا کەسایەتی دووهەمە لە حکومەتدا و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاشتی وڵاتەکە دەکات.

غەنی زۆربەی جار باسی لەوە کردووە کە لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی هەڵبژاردنی نوێ بڕیار بدات لەسەر حکومەتی داهاتوو. ڕەخنەگرانی بەوانەشەوە کە لە دەرەوەی تالیبانن تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە تەنها هەوڵی قۆرخکردنی دەسەڵات دەدات، جیاوازی دەخاتە نێوان پشتیوانانی حکومەتەوە.

هەفتەی ڕابردوو عەبدوڵا سەرۆکایەتی شانێکی باڵای کرد بۆ پایتەختی قەتەر بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕێبەرانی تالیباندا. ئەو وتووێژانە بە هیوا بۆ وتووێژی زیاتر و جەختکردنەوە لە پاراستنی خەڵکی سڤیل و ژێرخانی وڵاتەکە کۆتاییهات.

شاهینیش ئەو وتووێژانەی بە دەستپێکێکی باش وەسف کرد. بەڵام گوتیشی داواکاری بەردەوامی حکومەت بۆ ئاگربەست لە کاتێکدا غەنی لەسەر دەسەڵاتبێت وەکو ئەوە وایە داوا لە تالیبان بکرێت خۆی ڕادەست بکات " ئەوان داوای ئاشتبوونەوە ناکەن بەڵکو دەیانەوێت خۆمان بەدەستەوە بدەین."

گوتیشی بەرلە هەر ئاگربەستێک پێویستە ڕێککەوتن لەسەر حکومەتێکی نوێ بکرێت " کە جێگای ڕەزامەندی ئێمەو ئەفغانییەکانی تریش بێت، ئەوکاتە شەڕ نامێنێت."

شاهین گوتیشی لەو حکومەتە نوێیەدا ڕێگە بە ژنان دەدرێت کاربکەن، بخوێنن و بەشداریی سیاسییان هەبێت، بەڵام دەبێت حیجاب بکەن یاس سەرپۆشیان لەسەر بێت. ئەو گوتیشی پێویست ناکات ژنان کاتێک دەچنە دەرەوە پیاوێکی خێزانەکانیان لەگەڵدا بێت و سەرکردەکانی تالیبان کە بەمدواییانە چەند ناوچەیەکیان کۆنترۆڵ کردووە فەرمانیان داوە زانکۆکان و خوێندنگاکان هەر وەکو پێشووتر کارەکانیان بکەن ژنان و کچانیش هەر بەشدارییان هەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جار ڕاپۆرت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تالیبانەوە هەبووە کە ڕێگرییەکی توند لە ژنان کراوە تەنانەت چەند خوێندنگایەک سوتێندراویشن. گرتە ڤیدیۆیەکی ترسناک بڵاوبۆوە کە نیشان دەدات تاڵیبان کۆماندۆ دیلەکان لە باکوری ئەفغانستان دەکوژن.

بەڵام شاهین گوتی هەندێک لە سەرکردە سەربازییەکانی تالیبان فەرمانەکانی سەرکردایەتی تالیبانیان پشتگوێ خستووە دژ بەو جۆرە ڕەفتارانە و هەندێکیان تەنانەت خراونەتە بەردەم دادگای لەشکری تالیبان و سزا دراون،هەرچەندە وردەکاری زیاتری لەوبارەیەوە نەدا. گوتیشی ئەو گرتەیە ساختە بووە و لە گرتە ڤیدیۆیی جیاجیاوە کۆکراوەتەوە.

ئەو گویشی لە ئێستادا تالیبان بە نیازنییە بەرەو کابول بڕوات یان پایتەختەکانی پارێزگاکان کۆنترۆڵ بکات.

مارک میلی لە ڕاگەیاندنەکەیدا گوتیشی تالیبان نزیکەی نیوەی 419 نێوەندەکانی قەزایی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کردووە، لە کاتێکدا هێشتا پایتەختەکانی پارێزگاکانی کۆنترۆڵ نەکردووە بەڵام فشاری بۆ نزیکەی نیوەی بردووە. لەم چەند ڕۆژەی دواییشدا جۆن کربی گوتەبێژی پەنتاگۆن گوتی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی بۆ پشتیوانیکردن لە سەربازانی ئەفغانی لە باشوری شاری قەندەهار ئەنجام داوە کە تالیبان دەوروبەری کۆنترۆڵ کردووە.

بۆ زۆربەی ئەفغانییەکان نیگەرانیەکانی زیاتر لە 40 ساڵی شەڕ لە وڵاتەکەیاندا بووەتەهۆی مەترسی لە شەڕێکی دڕندانەی ناوخۆیی هاوشێوەی ئەوەی سەرتاکانی نەوەدەکان کە تیایدا بەهەمان شێوە لۆردەکانی شەڕ دەسەڵاتیان گرتبووە دەست. شاهین گوتی " هیچ کەس تەنانەت منیش ناخوازم شەڕی ناوخۆ دروست بێت."

شاهین هەروەها بەڵێنی تاڵیبانی دووبارە کردەوە کە ئامانجیدڵنیاکردنەوەی ئەو ئەفغانییانەیە کە لە گروپەکە دەترسن.

واشنتن بەڵێنی داوە هەزاران وەرگێڕی ئەفغانی کە بۆ هیزەکانی ئەمەریکا کاریان کردووە بگوازێتەوە. شاهین دەڵێت پێویست ناکات لە تالیبان بترسن و نکوڵی لەوە کرد کە هەڕەشەیان لەسەر هەبێت. بەڵام گوتیشی ئەگەر هەر کەسێک بیەوێت پەنا بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا ببات بەهۆی باری خراپی ئابوری ئەفغانستان " ئەوە ئارەزوی خۆیانە".

هاوکات گوتیشی ڕۆژنامەوانانیش هیچ مەترسییەکیان لەسەر نابێت تەنانەت ئەوانەش کە کار بۆ میدیا ڕۆژئاواییەکان دەکەن پێویست ناکات لە حکومەتێک بترسن کە تالیبانی تێدابێت.

XS
SM
MD
LG