Accessibility links

برانسۆن دەستدەکات بە گەشتەکەی بۆ واڵایی


ڕیچارد برانسۆن، ملیاردێری بەریتانیایی لە بنکەیەکی واڵاییەوە لە ستانی نیو مەکسیکۆی ئەمەریکاوە بە کەشتی واڵایی ڤێرجن گالاکتیک دەستی بە سەردانێک کردوە بۆ لیوارەکانی گەردون یان واڵایی. ئەم گەشتەی واڵایی بە هیوای ئەوەیە گەشتیاری لە زەوییەوە بۆ واڵایی زیاتر بکات.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، کاتژمێر 8 و 40 خولەک بە کاتی ستانی نیو مەکسیکۆ، فڕۆکەیەکی گەورە هەڵساوە و بە ئاسۆیی تا بەرزایی 15 کیلۆمەتر دەڕوات و دواتر مەکۆیەکی تایبەتی هەڵدەدات "ڤی ئێس ئێس یونیتی" هەڵدەدات کە بە وزەی موشەکی کار دەکات و دەڕوات بەرەو بەرزایی 80 کیلۆمەتر واتە 50 میل. بەپێی دەزگای واڵایی ئەمەریکا "ناسا" ئەو بەرزاییە سنوری واڵاییە.
دوو فڕۆکەوان و 4 گەشتیار لەناو مەکۆکەی واڵاییدان و برانسۆن یەکێکە لەو چوار کەسە.

وەک پسپۆڕ ئاماژەی پێدەکەن هەر کە مەکۆکە لە فڕۆکەکە جیابووەوە گەشتیارەکان دەتوانن پشتێنی پارێزراوی خۆیان بکەنەوە و بۆ چەند خولەکێک ئەزموونی نەمانی کێشی خۆیان بکەن و لەو 17 پەنجەرەیەی لە مەکۆکەدا هەیە سەیری دیمەنی زەوی بکەن لە کەنارەکانی واڵاییەوە.

پاش ئەوەی ئەم کەشتییەی واڵایی دەگاتە بەرزایی55 میل، ئەوجا دەستدەکات بە گەڕانەوە بۆ بنکەکەی خۆی لەسەر زەوی.
ڕۆڵی فەرمی برانسۆن لەم گەشتەیدا بۆ واڵایی، بۆ مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەزمونی تایبەتی ئاسمانگەڕانە بۆ هاندانی ئەم جۆرە گەشتانەی واڵایی بۆ هەر کەسێک لە ئایندەدا بیەوێت بیکات.


ئەم ملیاردێرە کە "کۆمەڵەی ڤێرجین"ی دامەزراندووە، بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی لە هەموو شتێکدایە؛ لە بوارەکانی فڕۆکەوانیی بازرگانیەوە و نێوەندەکانی وەرزشکاری و وەهاش ناسراوە ئارەزوویەکی زۆری هەیە بۆ زانین و زانیاری لەسەر هەموو شتێک، بێ لەمانەش ژمارەی پێوانەیی بەناوەوە تۆمارکراوە لە بوارەکانی بەکارهێنانی باڵۆن و هەروەها بەلەمیشدا.

برانسۆن تەمەنی 70 ساڵە و بەر لە چەند ڕۆژێک نوسیبووی "کە منداڵ بووم دەمەویست بچم بۆ واڵایی." وە دەشڵێت "واڵایی بۆ هەموومانە و کاتێکیش گەڕامەوە شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش ڕادەگەیەنم تا دەرفەتی زیاتر بە خەڵک بدرێت تا ببنە ئاسمانگەڕ."

وەها بڕیارە ڕۆژی 20ی ئەم مانگە جێفری پریستۆن، ناسراو بە جێف بیزۆس، خاوەنی کۆمپانیای ئەمازۆن بە کەشتییەکی تری واڵایی گەشتێک بکات.

بیزۆس کە بە دەوڵەمەندترین کەس دادەنرێت لە جیهاندا، پێشتر لە تۆڕی ئینستگرام، هیوای سەرکەوتنی بۆ برانسۆن خواستووە.

XS
SM
MD
LG