Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر


ئەو هێرشەی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەنجامدرا هیچ زیانێکی گیانی بەدوای خۆیدا نەهێناوە. ئەمە سێهەمین هێرشە کە لە مانگی نیسانەوە تا ئێستا بۆ سەر هەولێر و دەوروبەری ئەنجام دەدرێت و کاربەدەستان و خەڵکی هەولێر و ناوچەکە داوا دەکەن سنورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و چیتر مەترسی بۆ سەر هەولێر و ناوچەکە نەمێنێت.

هێرشەکانی سەر هەولێر کە کاربەدەستانی ناوچەکە دەڵێن جگە لە سوتانی هەندێک پووش و پەڵاش هیچ زیانێکی تری لێکەوتووەتەوە،نیگەرانی و کاردانەوەیەکی بەفراوانی بە دوای خۆیدا هێناوە، بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیجی دژە تیرۆری کوردستان، کاتژمێر 11:30ی شەو بە کاتی خۆجێهی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.

سەبارەت بەو هێرشانەی کە بۆ سەر هەولێر ئەنجام دەدرێن نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژووری ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق نیگەرانییەکانی هەرێمی کوردستانی لەو بارەیەوە ڕاگەیاندووە و ئاشکراشی ەدەکات کە ئیدانەی ئەم جۆرە ڕووداوانە دەکرێت بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تەنها ئیدانەکردن بەس نییە دەبێت بەشێوەیەکی کردەوەیی هەوڵ بدرێت ئەم جۆرە ڕووداوانە بنەبڕبکرێن.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژووری ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " چەندین جار ئەو هێرشانە دووبارە دەبێتەوە بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق بە ڕاوێژ لەگەڵ هاوپەیمانان هەوڵ بدرێت ئەم کێشەیە کە بووەتە دیاردە چارەسەر بکرێت، پاراستنی ئەمنیەتی هەولێر و هەرێمی کوردستان لەسەر ئەستۆی ئەوانە، دەبێت ڕێگە نەدەن ئەو بابەتانە دووبارە ببێتەوە کە دەبێتە هۆی ئیستیفزازکردنی بنکەی هاوپەیمانان لەهەولێر".

ناوبراو گووتیشی " ئەوەی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان نەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و شڵەژانی هاووڵاتیانی شاری هەولێر. ئەم جۆرە ڕووداوانە دەبێتە هۆی دروستبوونی نائارامی لەناو هاووڵاتیانی هەولێر بۆیە پێویست دەکات هەماهەنگیەکی تەواو بکرێت لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانان واتا ئەمەریکا بۆ بنبڕکردن و کۆتاییهێنانی ئەم ڕووداوانە".

لە لایەکی ترەوە جێنین پلاسخارت نوێنەرى تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا سەبارەت بەو ھێرشانەی بۆ سەر هەولێر دەڵێت" ئەو هێرشە بەردەوامانەى سەر هەولێر کە دوێنێ شەو جارێکى تر ڕوویدا پێشێلکارییە بۆ سەروەرى یاسا ئەم جۆرە کردەوانە وڵات بەرەو چارەنووسێکى نادیار دەبات و دەبێتە هۆکارى ئەوەى گەلى عێراق باجێکى قورس بدات، نابێت رەوای دەوڵەت هەڕەشەى لەسەر بێت لە لایەن گرووپە چەکدارە توندڕەوەکانەوە".

لە لایەکی ترەوە ئیسلام چاڵی شارەزای سەربازی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" مەبەست لەو هێرشەی کە بۆ سەر هەولێر ئەنجامدرا پەیامێکە بۆ ئەمەریکیەکان کە ئێمە دەگەینە هەر شوێنێک کە ئەمەریکیەکانی لێ هەبن و پەیامێکی تریشە بۆ کوردەکان کە هەوڵ بدەن خۆیان لە ئەمەریکیەکان دووربخەنەوەە و خۆیان لەو حزب و لایەنانە نزیک بکەنەوە کە سەر بە ئێرانن بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو چونکە هەڵبژاردنەکان نزیک بوونەتەوە بۆیە ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن کە فشار لەسەر کوردەکان دروست بکەن لە ڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازی و بە هەموو شێوەیەک فشار لەسەر کوردەکان دەکەن تا خۆیان لەو لایەنانە نزیک بکەن کە سەر بە ئێرانن".

سەبارەت بە گەیاندنی نیگەرانیەکی هەرێمی کوردستان بە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لەوبارەیەوە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت " هەموو کات ئەو نیگەرانیانە دەگاتە ئەوان لە هەمانکاتیشدا فەرماندەی ئۆپەرسیۆنەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق ئیدانەی ئەم جۆرە ڕووداوانە دەکەن بەڵام تەنها ئیدانەکردن بەس نییە دەبێت بەشێوەیەکی کردەوەیی هەوڵ بدرێت ئەم جۆرە ڕووداوانە بنەبڕبکرێت بۆ ئەمەش چەندین جار بەڵێن دراوە کە کۆنتڕۆڵ بکرێت بەڵام تاوەکو ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە و بۆردومانەکانی ئەم گرووپە چەکدارانە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەردەوامە".

سەبارەت بەوەی ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن کێوە ئەنجام دەدرێن،لیوا عەبدولخالق تەڵعەت ڕایگەیاند" کۆمەڵێک لەو چەکدارانەی کە باڵادەستن ئەوانە هۆکارن بۆ دروستبوونی ئەم جۆرە ڕووداوانە".

لای خۆیەوە ئەو شارەزایەی سەربازی دەشڵێت" ئەمە هێرشی یەکەم و دووهەم و سێهەم نییە لە ڕووی سەربازیەوە و تا لە ڕووی ئابوریشەوە ئەو لایەنانە سەر بە ئێرانن هەموو کات ڕێگرن لەبەردەم هەر ڕێککەوتنێکی نێوان کوردەکان و بەغدا، وەک دیارە چەندین ڕێککەوتن کراون بەڵام تا ئێستا ڕێگربوون یەکێک لەوانە ڕێککەوتنی شەنگالە کە لە نێوان هەولێر و بەغدا ئەنجامدرابوو".

جێی باسە لە ئێستاشدا گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەردەوامیان هەیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:50 0:00


XS
SM
MD
LG