Accessibility links

14 ڕۆکێت دەگیرێتە بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق


هێزی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت ڕۆژی چوارشەممە 14 ڕۆکێت گیراوەتە بنکەی ئاسمانی لە عێراق کە شوێنی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانە.

گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنی چارەسەری بنچینەیی هاوپەیمانان کۆلۆنێل وەین مارۆتۆ لە تویتێکدا ڕایگەیاند " نزیکەی کاتژمێر 12:30 پاش نیوەڕۆبنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد بە 14 ڕۆکێت هێرشی کرایە سەر. ڕۆکێتەکان بەر بنکەکەو دەوروبەری کەوتن. ڕێوشوێنەکانی پاراستن و بەرگری گیرانەبەر. لە هەمانکاتیشدا ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن سێ کەس بە سووکی بریندار بوون. زیانەکان هەڵدەسەنگێندرێن."

بەڵام پاشان لە تویتێکی تردا هەواڵەکە نوێ دەکاتەوە دەڵێت دوو کەس بریندار بوون.

هەروەها بەشی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق کە ناسراوە بە (خلية الإعلام الأمني) یش ڕایگەیاندووە لە کاتژمێر 12:30 ی پاش نیوەڕۆ " ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە ناوچەی بەغدادی پارێزگای ئەنبار ڕاگیراوە، وادیاربوو بارهەڵگرەکە فەردە ئاردی بارکردبوو، بەڵام سەکۆیەکی موشەکی بارکردبوو و 14 ڕۆکێتی بە ئاراستەی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد هەڵداوە و ئەو ڕۆکێتانە کەوتوونەتە دەوروبەری بنکەکەوە."

جێی باسە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە کاتژمێر 11:30 بە کاتی خۆجێهی بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرشێک کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێریش.

XS
SM
MD
LG