Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هەشت کەس لە کەمپی هۆل کوژراون


هێزە کوردییەکانی سوریا ڕادەگەیەنن، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بەلایەنی کەم هەشت کەس لەو کەمپەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە کەسوکاری داعشی تێدایە، کوژراون.

هێزەکانی سوریای دیموکرات گرفتێکی زۆریان هەیە بۆ دابینکردن ئاسایش لە ناو کەمپی هۆل، کە لەوەتای مانگی یەکی ئەم ساڵەوە دەیان کەس لەو کەمپەدا کوژراون.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدای داوە فکرەی ڕادیکاڵیزم لە نێو ئەو کەمپەدا زیادی کردووە، کە خەڵکی سوریایی و عێراقی و زیاتر لە 10 هەزار ژن و منداڵی چەکدارە بیانییەکانی داعشیش لە خۆ دەگرێت.

هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند، لە مانگی شەشدا شانەی داعش لە نێو کەمپی هۆل " زیاتر ئەو دانیشتوانەیان کوشتووە کە خۆیان لە بیرۆکەی توندڕەوەی گروپەکەدوور گرتووە."

دەشڵێن هەشت کەسی سوریایی و عێراقی کوژراون لە ناویاندا پەنابەرێکی عێراقی تەمەن 16 ساڵ و دوو خوشکی سوریایی تەمەن 17 و 23 ساڵان. ژنێکی ڕووسیش بریندار بووە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت 42 ژن و پیاو و منداڵی هاوڵاتی چەند وڵاتێکی جیاواز لە مانگی شەشدا دەستگیر کران کاتێک هەوڵیاندابوو بە قاچاخ لە کەمپەکە دەربچن.

لە مانگی چوار هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایانگەیاند 125 گومانباری ئەندامی داعشیان لە هەڵمەتێکی گەڕان لە کەمپی هۆل دەستگیر کردووە. کەمەپەکە لە پارێزگای حەسەکەیە. لە کاتەدا ئەو هێزانە ڕایانگەیاند لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا 47 کەس لە کەمپەکە کوژراون.

لەو کاتەوەی داعش لە مانگی 3 ی ساڵی 2019 شکستی پێهێندرا، هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمەریکا پشتیوانیان دەکات، بە بەردەوامی داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە هاووڵاتیانی خۆیان ( ژن و منداڵەکانی داعش) کە لەو کەمپەدان بگێڕنەوە.

بەڵام زۆربەی وڵاتەکان، بەتایبەتی ئەوانەی ئەوروپا، ئامادە نەبوون ئەو هاووڵاتیانەیان وەربگرنەوە.هەندێک لەو وڵاتانە لە ناویاندا فەرەنسا، ژمارەیەکی سنورداری هاووڵاتیانی وەرگرتۆتەوە.


XS
SM
MD
LG