Accessibility links

توێژەرێکی زانکۆی نۆتنگهام: تا ئێستا نزیکەی 28 هەزار بازدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە


توێژەرێکی زانکۆی نۆتنگهامی بەریتانی ئاماژە بەوەدەکات، تا ئێستا نزیکەی 28 هەزار بازدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە و زۆربەی بازدانەکانیش بە زیانی ڤایرەسەکە شکاوەتەوە، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە جۆرە هندیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕوو لە تەشەنە سەندن دەکات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر حەسەن ڕۆستەم توێژەر لەزانکۆی نۆتنگهامی بەریتانی، دەڵێت"ڤایرۆسی سارس کۆڤ دوو کە هۆکاری ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا یە، بازدانی زۆری بەسەردا هاتووە، تا ئێستا نزیکەی 28 هەزار بازدان ڕیکۆرد کراوە، نزیکەی 15 ڤارێنتی (جۆر) جێ سەرنجیشی لێ دروستبووە، بەتایبەت ڤارێنتی دەلتا( کۆرۆنای هندی) کە زۆربڵاوە و ئێستا لە بەریتانیا لەتەشەنە سەندندایە و ڕێژەی دووبارە توشبوون بەرزدەکاتەوە."

جەختیشیکردەوە "کاریگەری ڤاکسینەکان بەرامبەر هەندێک لە جۆرە نوێ یەکانی کۆرۆنا لاوازترە لە جۆرەکانی پێشووتر، لەئێستادا ڤاکسینەکانی ڤایزەر و ئەسترازینکا و مۆدێرنا و هەندێک ڤاکسینی تر، گەر 100% مرۆڤ نەپارێزێ لە ڤارێنتە نوێ یەکان، تا ڕادەیەکی زۆر دەیپارێزێ لەقورسی نەخۆشیەکە."

دکتۆر حەسەن ڕۆستەم، ئاماژەی بەتوێژینەوەیەک کرد کە لەگۆڤاری نەیچە بڵاوکراوەتەوە، توێژینەوەکە دەیسەلمێنێت ئەو کەسانەی پێشتر توشی کۆرۆنا بوون و دواتر ڤاکسینیان داوە، ڕادەی بەرگری جەستەیان زۆر بەرزترە لەوانەی تەنها ڤاکسینیان داوە و توشی کۆرۆنا نەبوون، یاخود تەنها توشی نەخۆشیەکە بوون و ڤاکسینیان نەداوە.

توێژەرەکەی زانکۆی نۆتنگهام ی بەریتانی، ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی تریش کرد کە لەگۆڤاری لانسێت بڵاوکراوەتەوە، لەسەر کاریگەری ڤاکسینەکانی ئەسترازینکا و ڤایزەر، ڕوونیکردەوە بەپێی توێژینەوەکە، گەر مرۆڤ ژەمی یەکەمی ڤاکسینی ئەسترازینکای دابێت و ژەمی دووەمی ڤایزەری دابێت، بەرگری جەستەی بەرامبەر کۆرۆنا ڤایرەس بەهێزتربووە، وەک لەوەی هەردوو ژەمەکە ئەسترازینکا یان ڤایزەری دابێت، وتی "توێژینەوەکان هەرچەندە ئەنجامی تەواویان دەرنەچووە، دەکرێت دوو جۆری ڤاکسینی جیاواز، هەریەکەیان و لە ژەمێکدا بدرێت."

دکتۆر حەسەن ڕۆستەم، ئەوەشی خستەڕوو گەورەترین کێشە کە ڕووبەڕووی ڤاکسینەکان دەبێتەوە، بازدانی ڤایرەسەکەن، هەروەها ماوەی دژە تەنەکان کە لەجەستەدا دروست دەبن و دوای ماوەیەک لاواز دەبن، دیسانەوە مایەی گرفتە، وتی"ئەم دوو گرفتە وایانکردووە، زاناکان بیر لە ژەمی سێ یەم بکەنەوە، ئێستا ئەسترازینکا هەستاوە بە دروستکردنی ڤاکسینی نوێ بەهەمان تەکنیک، بەڵام بەبەکارهێنانی بۆ ماوەی ڤارێنتە نوێ یەکان، ژەمی سێهەم، بۆ چالاککردنی بەرگری جەستەیە بەرامبەر ڤایرەسەکە."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر حەسەن ڕۆستەم توێژەر لە زانکۆی نۆتنگهامی بەریتانی، ئاماژەی بە زۆری بازدانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و ڕوونیکردەوە، ڤایرەسەکە زۆر بازدەدات و بازدانەکان بەزەرەری دەشکێتەوە، بەڵام گەر ژمارەیەکی کەمیش لە بازدانەکان بەسودی ڤایرەسەکە بێت، ئەمە وادەکات ڤایرەنت( جۆر) ی تازە دروست ببێت، وتی "لە ئێستادا سەنتەرێکی جیهانی گەورە بۆ چاودێری کردن و ڕیکۆردکردنی گۆڕانکاری و بازدانەکانی ڤایرەسەکە دروستبووە، تا کۆمپانیاکانی دەرمان ڕەچاوی گۆڕانکاریەکان بکەن و هەوڵبدەن لەدروستکردنی ڤاکسینی نوێ دا، سود لە بۆ ماوەی ئەو ڤایرەسانە ببینن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:29 0:00


XS
SM
MD
LG