Accessibility links

هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی خەڵکی لە ژێر باڵەخانە ڕووخاوەکەی فلۆریدا بەردەوامە لە کاتێکدا هیواکان بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی زیاتر کەم دەبنەوە


هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لە شوێنی باڵەخانە ڕووخاوەکەی فلۆریدا بەردەوامە کە هەتا ئێستا بەلایەنی کەم 11 کەس گیانیان لەدەستداوەو 150 کەسی تریش بێسەروشوێنن.

لە کاتێکدا هیواکان بۆ دەرکردنی خەڵکی بە زیندوویەتی لە ژێر داروپەردووی نزیکەی نیوەی باڵەخانە 12 نهۆمییەکە کاتژمێر بەکاتژمێر کەمتر دەبێتەوە، کەسوکاری ئەو کەسانەی کە بێسەروشوێنن هێشتا هیوایان بەوە هەیە خۆشەویستەکانیان بە زیندوویەتی ڕزگار بکرێن.

کەسوکاری قوربانیان لە یەکێک لە کڵێساکانی مەیامی نزا بۆ سەلامەتی خۆشەویستەکانیان دەکەن
کەسوکاری قوربانیان لە یەکێک لە کڵێساکانی مەیامی نزا بۆ سەلامەتی خۆشەویستەکانیان دەکەن

کاربەدەستان شەوی هەینی ڕایانگەیاند تیمەکان هێشتا لە بە نێو کۆنکریتە ڕووخاوەکان و ئاسن و تۆزوخۆڵی ئەو باڵەخانە ڕووخاوەدا دەگەڕێن بە هیوای دۆزینەوەی زیندووماوان.

بەڵام لەوەتای چەند کاتژمێرێک پاش ڕووخانی بەشێکی ئەو باڵەخانەیەی مەیامی بییچ لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەوە، هیچ کەسێک بە زیندوویەتی دەرنەهێندراوە.

کاربەدەستانی شارەکە لە ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند دوو تەرمی تر لە ژێر باڵەخانە ڕووخاوەکە دەرهێندراون بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانلەدەستدانیان لەو ڕووداوەدا پشتڕاستکراوەتەوە گەیشتە 11 کەس.

کاربەدەستان پێیان وایە ڕەنگە ژمارەی قوربانییەکان بگاتە بەرزترین زیانی گیانی لە ڕووداوێکی بێمەبەست لە مێژووی ئەمەریکادا.

پێشتر دوو ڕووداوی هاوشێوە لە ئەمەریکا ڕوویداوە یەکێکیان لە مانگی حەوتی ساڵی 1981 ڕێڕەوی هۆڵی هۆتێل حەیات لە شاری کەنساسی ویلایەتی میزوری لە میانەی ئاهەنگێکدا ڕووخا تیایدا 114 کەس گیانیان لەدەستدا. پێشتریش نزیکەی 100 ساڵ لەمەوبەر لە مانگی یەکی ساڵی 1922 سەربانی شانۆی نیکەربۆکەر لە واشنتن دی سی بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفرێکی زۆر لە سەری ڕووخا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 98 کەس.

لە ئێستادا هۆکاری ڕووخانی ئەو باڵەخانەیەی کە نزیکەی 40 ساڵە دروستکراوە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.


XS
SM
MD
LG