پاش ئەوەی ڕۆژی سێشەممە دادگای دهۆک سزای ساڵێک و دوو مانگ زیندانیکردنی بەسەر ئومێد بەڕۆشکی، یەكێک لە دەستگیرکراوانی پارێزگای دهۆک،دا سەپاند، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوەو ڕەخنەی لەو سزایە گرت.
ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ نوێنەری ڕێکخراوەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا ڕایگەیاند " بە سزادانی ئەمڕۆی رۆژنامەوانێکی سەربەخۆ ئومێد بەرۆشکی، دەسەڵاتدارانی کورد لە باکوری عێراق دووبارەخواستە ئاشکراکانی خۆیان نیشان دا بۆ بەرتەسککردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە رۆژنامەنووسانی ناوخۆ و دەزگاکانی راگەیاندن بتوانن بە ئازادانە کارەکانیان بکەن". میگێڵ دێلگادۆ دەشڵێت " دەبێت دەسەڵاتدارانی کورد لە باکوری عێراق دەستبەجێ بەرۆشکی ئازاد بکەن و تۆمەتەکانی لەسەر هەڵبگرن و واز لە هەراسانکردنی دەزگاکانی بهێنن".
لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا بەڕێوبەوری رێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ کارزان فازیڵ دەڵێت " ڕەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین لەکوردستان و عێراق لەدوو ساڵی ڕابردودا بەرەو خراپتر رۆیشوە."
لە مانگی 4 ی ساڵی 2020 هێزەکانی ئاسایش ژمارەیەک خۆپیشاندەر و چالاکوانیان لە پارێزگای دهۆک دەستگیر کرد، و پێنج کەس لەوانە لە 15 ی 2 ی 2021 بە تۆمەتی سیخوڕی کردن و کاری تێکدەرانە لەلایەن دادگای تاوانی 2 ی هەولێرەوە ڕووبەڕووی سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بوونەوە. ئەو دۆسێیە کاردانەوەیەکی زۆری نێوخۆیی و جیهانی لێکەوتەوە. ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی لە هەفتەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند حوکمەکەیان لەسەر بنەمای ئەو " دانپێدانانە بووە کە لە ژێر فشاردا بەدەستهاتوون."
بەڵام دیندار زێباری لێپرسراوی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " گرتنی هاوڵاتیەک یان خەڵکێک لە هەرێمی کوردستان ئەمە بڕیاری حکومەتی هەرێم یان بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم نییە ئەمە بڕیارێکە ئەگەر ئەو کەسە تاوان یان سەرپێچیەکی کردبێت دادگەکانی هەرێمی کوردستان کە لە چوارچێوەی دەستوردا بەشێکن لە دەسەڵاتی دادوەری، دادوەرە بەڕێزەکان بڕیاری خۆیان دەدەن کە چ جۆرە یاسایەک بەسەریاندا بسەپێنن و ئەو کەسەشی کە سزا دەدرێت چ جۆرە سزایەکی دەبێت ".
رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەوانان رەحمان غەریبلە میانەی وتووێژێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "دەیان خۆپیشاندەر لەخۆپیشاندانەکانی لەماوەی ئەم دە ساڵەدا شەهیدکراون و هەتا ئێستا تاوانبارانیش دەربازبوون لە سزا."
رێکخەری سەنتەری میترۆ دەشڵێت "راپۆرتی تر هەیە باس لەرەوشی خراپی زیندانیان دەکات، رەوشی خراپی ژنان و رۆژنامەوانان و رەوشی خراپی ئازادی رۆژنامەگەری دەکەن."
بەڵام لە هەفتەی ڕابردوو شاخەوان ڕەئوف بەگ سەرۆکی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان لە وتووێژێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی "زیندانییەکانی دهۆک لە دۆخێکی باشدان، تەندروستییان باشە، پێیان وتین لە ژێر هیچ فشارێکی زینداندا نین."
سی پی جەی ئاماژەی بە لێدوانێکی ڕێڤینگ یاسین، پارێزەری بەرگری بەرۆشکی بۆ کەناڵی تەلەفیزیۆنی NRT کردووە کە دەڵێت تیمی بەرگری داوای پێداچوونەوەی بە بڕیارەکەی دادگادا کردووە.