دە مانگ تێپەڕبوو بەسەر دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەر و چالاکوانی پارێزگای هۆک و کەسوکاریان دەڵێن ئاگایان لێیان نییە.
کەسوکاری پێنج کەس لە زیندانیکراوەکان داوایان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کردووە کە هەواڵیان بزانن و ئەوان دەڵێن ئەوە سێ مانگە پەیوەندی تەلەفۆنیشیان نەماوە بۆیە داوا لە پەرلەمان دەکەن هەوڵ بدات زانیاری لەسەر چارەنوسیان وەربگرێت. ئەوان دەڵێن ئەو گیراوانە لە لایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەولێر گیراون.
ئامەد سلێمان کوڕی یەکێک لە گیراوەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانمان کرد و چاومان بە زۆربەی فراکسیۆنەکان کەوت تا هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی چارەنوسی کەسەکانمان بزانین." ئەو گوتیشی داوایان لە پەرلەمانتاران کردووە لە پێنجی مانگی حەوت لە دادگاییەکەیاندا ئامادەبن تا " زانیاری لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەیان هەبێت."
ئەندامی پەرلەمان ڕووپاک ئەحمەد پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری و ئەندام لە لیژنەی ئاسایی پەرلەمانی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " کەسوکاری گیراوانی بادینان هاتنە لامان. کەسوکاری ئەو پێنج گیراوەی کە دە مانگە گیراون و هەتا ئێستا کەسوکاریان نەیانبینیون، سێ مانگە پەیوەندی تەلەفۆنیش بڕاوە، ئەوان هاتبوون داوای ئەوەیان دەکرد پەرلەمانی کوردستان بە تایبەت فڕاکسیۆنە جیاوازەکان کار بۆ ئەوە بکەن کە دیدار هەبێت بۆ کەوسوکاری ئەوانیش و هەوەها ئێمە ڕۆڵمان هەبێت لە چاودێری کردنی دادگاییەکانیان."
لە مانگی 4 ی ساڵی 2020 هێزەکانی ئاسایش ژمارەیەک خۆپیشاندەر و چالاکوانیان لە پارێزگای دهۆک دەستگیر کرد، و پێنج کەس لەوانە لە 15 ی 2 ی 2021 بە تۆمەتی سیخوڕی کردن و کاری تێکدەران لەلایەن دادگای تاوانی 2 ی هەولێرەوە ڕووبەڕووی سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بوونەوە.
پێج کەسیش کە وەکو پەرلەمانتار ڕووپاک ئەحمەد دەڵێت چارەنوسیان نادیارە بریتین لە سلێمان کەمال، جەمال خەلیل مەجید، کارکەر عەباس عەلی، بەندەوارئەیوب ڕەشید و فەرسەت ئەحمەد سەید.