Accessibility links

ئێران ئەمەریکا بە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی تۆمەتبار دەکات


ئێران ڕۆژی سێشەممە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای تۆمەتبارکرد بە دەستتێوەردان بەهۆی ئەوەیگوتی هەڵبژاردنەکانی ئێڕان نە ئازادە و نە ڕەوایە، لە کاتێکدا لایەنە سیاسییەکان ئەمە دەکەنە بیانو بۆ کەمی ڕێژەی دەنگدان و ژمارەی زۆری دەنگی سوتاو.

ئیبراهیمی ڕەئیسی، دادوەرێکی توندرەوی کە لە ژێر سزاکانی ئەمەریکایە هەروەکو چاوەڕوان دەکرا لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی شەممە، کە بەهۆی ناڕەزاییەکانی خەڵکی لە سەختییە ئابورییەکان و سەرکوتکردنی سیاسی ژمارەیەکی کەمی خەڵکی بەشدارییان تێدا کردبوو، سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە گوتی ئەمەریکا پرۆسەی کردنی ڕەئیسی بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران بە شتێکی " دروستکراو" دەزانێت و هەڵوێستی ئەمەریکای دووپات کردەوە کە پرۆسەکە نە ئازاد و نە ڕەواش بووە.

میدیای دەوڵەتی ئێران لە زاری گوتەبێژی حکومەتی ئێران عەلی ڕەبیعی‌یەوە ڕایگەیاندووە " ئێمە ئەم لێدوانە بە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆییامان دەزانین، ئەمەش بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە و ڕەتی دەکەینەوە." ئەو گوتوشیەتی واشنتن مافی ئەوەی نییە بۆچوونی خۆی لەسەر هەڵبژاردنی وڵاتانی تر بدات.

ڕۆژی دووشەممە نزیکەی 150 کاربەدەستی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان وشارەزایانی ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ و پسپۆڕانی یاسایی لە نامەیەکدا داوایان کرد دەستەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبێت بۆ لێکۆڵینەوە کردن لە کوشتنی نادادوەرانەی هەزاران زیندانی سیاسی لە ساڵی 1988 کە ڕەئیسی پێ تۆمەتبار کراوە.

کاتێک لەسەر ئەم بابەتە پرسیار لە ڕەئیسی کرا ئەو بە پەیامنێرانی گوت " ئەگەر دادوەرێک، دادپرسێک بەرگری لە ئاسایشی خەڵکی کردبێت، پێویستە ستایش بکرێت. شانازی بەوە دەکەم کە هەتا ئێستا لە هەموو پێگەیەکمدا بەرگریم لە مافەکانی مرۆڤ کردووە."

زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان لە ئێراندا هەیەزۆر بێهیوابوون لەوەی لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی هەینیدا دەنگبدەن یان وا دەردەکەوێت داواکاریی جودابیرانیان لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات بەجێ گەیاندووە بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکە.

لەو هەڵبژاردنەی کە لە نێوان 4 پیاو، سیانی کۆنەپارێز و یەكێکی ڕیفۆرمست،دا کرا ڕێژەی بەشداربوون نزیکەی %48.8 بوو، کەمترین ڕێژە لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لەو ڕێژەیەدا 3 ملیۆن و 700 هەزار کەس دەنگی خۆیان سوتاندبوو، هەرچەندە بڕوا دەکرێت دەنگە سوتاوەکان لەوەش زیاتربووبن.

XS
SM
MD
LG