Accessibility links

پـرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی ئێران


ڕۆژی هەینی بەشێک لە ئێرانییەکان بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەڕۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێیان. بەڵام لە کاتێکدا ڕێگە لە چاودێرانی جیهانی گیراوە، چاودێری ئەم هەڵبژاردنە بکەن، ڕەخنەگران دەڵێن هەڵبژاردنەکە ئازاد و ڕەوا نییە.

ئابوری ئێران لە ماوەی زۆربەی سێ ساڵی ڕابردوودازیاترلاواز بووە. بەشێکی زۆریشی بەهۆی ئەو سزایانەیە کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پاش کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی ئێران لە ساڵی 2018 جارێکیتر سەپاندییەوە بەسەر وڵاتەکەدا و تارانی تاوانبار کرد بە ناسەقامگیرکردنی هەرێمەکە، کە تاران نکوڵی لێدەکات.

سەنەم وەکیل لە ڕێخراوی چاتام هاوس لە دیمانەیەکدا بە ڕێگای سکایپ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەم سزایانە بە شێوەیەکی بەرچاو کاریان کردووەتە سەر ئابوری ئێران، بەڵام لە سەرو هەموویانەوە ئەمە کاریگەرییەکی زۆری هەبوو بۆسەر خەڵکی ئاسایی ئێران کە بە دەست بەرزبوونەوەی نرخ و دابەزینی بەهای دراوەوە دەناڵێنن. بێگومان لە بەرامبەر ئەم پاشەکشێیەدا ئێران بەهۆی ڤایرۆسی کۆڤید-19 زۆرترین ڕێژەی گیانلەدەستدانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە."

ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی لە دەمی دەنگدانیدا هەینی،18 ی شەشی 2021
ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی لە دەمی دەنگدانیدا هەینی،18 ی شەشی 2021

هاوکاتی ئەم ڕووداوانە، ئێرانییەکان ئەمڕۆ هەینی چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەی سەرۆک حەسەن ڕۆحانی. پاش ئەوەی لە ڕۆژی چوارشەممە سێ کاندید کشانەوە لە ئێستادا تەنها چوار کاندید لە پێشبڕکێکەدا ماون. هەمویان لەلایەن شورای نیگەهبانەوە پەسەند کراون و پاڵێوراون. سیانیان لە بەرەی توندڕەوی کۆنەپارێزەکانن. تەنها یەکێکیان لە ڕیفۆرمخوازەکانە هێنری ڕیجوێلی دەنگی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت ناڕەزایی خەڵکی دەشێت ببێتە هۆی کەمی بەشداری کردن لە دەنگدان.

ئێران کەوتە ژێر کاریگەری زنجیرەیەک ڕووداو کە ئەم دیمەنەی ئێستای هەڵبژاردنی هێنایە کایەوە. هێرشکەی ئەمەریکا کە ژەنەڕاڵی هێزەکانی قودسی ئێرانی قاسم سولەیمانی لە مانگی 1ی ساڵی 2020 تیادا کوژرا، بووە هۆی توڕەیی بەربڵاوی خەڵکی. چەند ڕۆژێک پاش ئەو ڕووداوەش هێزەکانی ئێران بە ڕێککەوت فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانیان بەردایەوە کە بووە هۆی خۆپیشاندانی دژە حکومەت. خاتو وەکیل گوتیشی "جا بازنەیەک ڕووداوی پەیوەست بەیەکەوە ڕوویاندا کە کاریان کردە سەر هەستی خەڵکی، و لە مانگی 11 ی ساڵی 2019شدا خۆپێشاندانەکانی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنیش بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوتکران. بۆیە خەڵکی ئاسایی ئێران لەگەڵ دەنگداندا نین."

ئیبراهیمی ڕەئیسی
ئیبراهیمی ڕەئیسی

ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت بیباتەوە ئیبراهیمی ڕەئیسی تەمەن 60 ساڵانی سەرۆکی دەزگای دادوەرییە. شارەزایان دەڵێن، ڕابردووی ئەو لەسەر تێوەگلانی لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤدا، دەیکات بە سەرۆکێکی پڕ کێشە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا.

بەهمەن بن تالیبلو شارەزای کاروباری ئێران لە ڕێکخراوی بەرگری دیموکراسی بە ڕێگای سکایپ بە دەنگی ئەمەریکای گوت " بەداخەوە ئەو بەناوبانگترینە بۆ شەرمەزاری سەرپەرشتیکردنی ئەوەی کە پێی دەگوترێت کۆمسیۆنی مەرگ لە کۆتاییەکانی 1980کاندا، کە فەرمانی کوشتنەکانی ئایەتوڵا خومەینی جێبەجێ دەکرد، و زیاتر لە 5 هەزار زیندانی سیاسی لە تاراندا کوشت."

ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو پیتاندنی ناوکی خێرا کردووە و بڕوا دەکرێت تەنها چەند مانگێک دووربێت لە کۆکردنەوەی سوتەمەنی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبێکی ناوکی. بەڕێوەبەرایەتی بایدن تاوتوێی دووبارە چوونە ناو ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 دەکاتەوە ، بەڵام تەنیا لە کاتێکدا کە ئێران پیتاندن ڕابگرێت. ئێران دەڵێت دەبێت سەرەتا ئەمەریکا سزاکان لابدات.

لە ئێستادا وتووێژەکان بۆ ئەو مەبەستە لە ڤییەننا بەردەوامن.

هەموو کاندیداکانی سەرۆکایەتی ئێران پشتیوانی لە وتووێژەکان دەکەن بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکە. سەنەم وەکیل دەڵێت "چاوەڕوانی ئەوە هەیەلەگەڵ تەواوبوونی هەڵبژاردندا ، ڕەنگە متمانەی زیاتر بە لایەنی ئێرانی لەڤییەنا دروست ببێت بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە."

لە کاتێکدا ڕێبەری باڵا عەلی خامەنەئی لە هەشتاکانی تەمەنیدایە، چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا دەسڵات بگوازێتەوە بۆ جێگرەوەکەی، ئەمەش ئاستەنگەکانی کە ڕووبەڕووی سەرۆکی داهاتووی ئێران دەبێتەوە ئاڵۆزتر دەکات.

XS
SM
MD
LG