Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ناکۆکی و تەبایی، سەنگی مەحەکی کۆبوونەوەکەی بایدن و ئەردۆغان


سەرۆک جۆو بایدن لە پەراوێزی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیادا کۆبووەوە.

کۆبوونەوەک نزیکەی 45 خولەکی خایاندووە وەک هەندێک لە دەزگاکانی هەواڵ ئاماژەیان پێکردووە و بەشیکی زۆری کۆبوونەوەکەش هەردوو سەرۆک بە تەنیا وتووێژیان کردووە.

هەرچەندە پێشتر وەها چاوەڕوان دەکرا، ژینگەی ئەو کۆبوونەوەیەی ڕۆژی 2شەممەی برۆکسل پڕ بێت لە مشتومڕ لە ڕوانگەی ناکۆکییە زۆر و قوڵەکانی نێوان واشنتۆن و ئانکەرەوە لەسەر ژمارەیەک دۆسێی هەستیار و گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها لە کیشوەری ئاسیاشدا. بەڵام لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، سەرۆک بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەیەکی زۆر باشی هەبووە لەگەڵ ئەردۆغاندا.

دواتر سەرۆکی تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "تورکیا کار لەگەڵ ئەمەریکادا دەکات بۆ زیادکردنی هاوکارییەکان لە داهاتوودا."

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت لەگەڵ سەرۆک بایدندا ڕێككەوتوون لەسەر دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەوانە؛ کێشەکانی ناوچەکە و دەشڵێت "هیچ کێشەیەکی ئەوەندە قورس نییە لە نێوانماندا کە چارەسەر نەکرێت و بوارەکانی هاوکاریکردن زۆر زیاترن لەو دۆسێیانەی ناکۆکییان لەسەر هەن."


میوانی بەرنامە:

خەسرەو ئەڵماسی، بەرپرسی گروپی ڕاوێژکارانی کورد لە واشنتۆن.

ئەمەریکا و تورکیا دوو وڵاتی هاوپەیمانن و هەردووکیشیان ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆن، بەڵام ئانکەرە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە پشتیوانییەکانی واشنتۆن بۆ کورد لە سوریادا، لە کاتێکدا تورکیای ئەندامی ناتۆ موشەکی جۆری "ئێس 400" لە ڕوسیا دەکڕێت.

ئەم کۆبوونەوەیەی سەرۆک بایدن و سەرۆکی تورکیا یەکەمین کۆبوونەوەی ڕووبەڕووی نێوانیان بوو.
کۆشکی سپی ژینۆسایدی ئەرمینیاییەکانی بە فەرمی ناساند و لەسەر ئەو ناساندنەش، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک بایدن وەها ناودێر دەکات کە "کەسێکە دەستی بە خوێن سوورە."

لە ساڵی 2020دا و هاوکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، پرسیارێک سەبارەت بە تورکیا لە کاندیدی ئەوسا و سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دەکرێت و جۆو بایدن لە وەڵامدا دەڵێت "ئەردۆغان کەسێکی سەرکوتکارە."
سەرۆک بایدن لە مانگی 4دا بوو یەکەم پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆکی تورکیادا کرد.

پێشتر لە سەروەختی بەڕێوبەرایەتییەکەی دانۆڵد ترامپدا، ئەردۆغان پەیوەندییەکی تۆکمەی هەبوو لەگەڵ کۆشکی سپیدا، بەڵام لەناو نێوەند و دامەزراوەکانی تری ئەمەریکادا خاوەنی پشتیوانییەکی ئەوتۆ نەبوو.

ئایا زەمینەی ناکۆکییەکان لە نێوان تورکیا و ئەمەریکادا گەورەترن یان زەمینەی هاوبەش بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان؟

ئایا تورکیا لە پاش کۆبوونەوەکەی سەرۆکی ئەو وڵاتە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا لە ڕوسیا دوور دەکەوێتەوە؟

ئایا تورکیا بە سیاسەتەکانی خۆیدا دەچێتەوە لە بارەی پرسی کوردەوە؟

خەسرەو ئەڵماسی، بەرپرسی گروپی ڕاوێژکارانی کورد لە واشنتۆن، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:52 0:00

XS
SM
MD
LG