Accessibility links

بایدن: کۆبوونەوەیەکی ئەرێنیم لەگەڵ پوتن ئەنجامدا


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە پاش کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا هۆشداری بە هاوتا ڕووسییەکەی ڤلادمێر پوتن دا لەوەی ئەگەرئالێکسی ناڤالی کەسایەتی ئۆپزسیۆنی ڕووسیایی لە زیندان گیان لەدەستبدات ئەوا مۆسکۆ ڕووبەڕووی ئاکامی خراپ دەبێتەوە.

سەرۆک بایدن ئەو بەراوردەی مۆسکۆ کە دیکات لە نێوان ئۆپزسیۆنی ڕووسیایی لەگەڵ ئەوانەی کە هێرشیان کردە سەر بینای کۆنگرێسی ئەمەریکا بە بەراوردێکی بێمانا وەسف کرد.

بەڵام گوتیشی ئەو کۆبوونەوەیەی کە نزیکەی4 کاتژمێری خایاند کۆبونەوەیەکی ئەرێنی بوو. هۆکاری کەمتربوونی کاتی کۆبوونەوەکە لەو کاتەی کە چاوەڕوان دەکرابۆ ئەوە گەڕانەوە کە لە سەر مێزی وتووێژ ڕاستەوخۆ قسەیان کردووە و گوتی " بۆ ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێر بە تێر و تەلەسی قسەمان کردووەو پێویستی بە کاتی زیاتر نەکردووە."

سەرۆک بایدن پێی وایە پوتن ترسی لەوە هەبێت کە ئەمەریکا هەوڵی لابردنی لەسەر دەسەڵات بدات. بەڵام گوتیشی لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە ئەمەریکاو ڕووسیا بکەونە شەڕی ساردەوە و " لەوبڕوایەدام پوتنیش نایەوێت بکەوینە شەڕی ساردەوە."

لە کۆبونەوەکەی کە لە ژنێڤی سویسرا بەڕێوەچوو سەرۆک بایدن دووپاتی کردەوە کە واشنتن هەمان کاردانەوەی بەرامبەر هەر کردەوەیەک دەبێت کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا یان بگەیەندرێت هاوبەشەکانی.

سەرۆک بایدن جەختی لە گرنگی ئەوەش کردەوە کە ئێران نابێت ببێتە خاوەن چەکی ناوکی. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە سەرۆکی ڕووسیا پێشنیازی یارمەتیدانی کردووە لە بابەتەکانی پەیوەست بە ئێران و ئەفغانستان.

جگە لە ئێران سەرۆک بایدن ئاماژەی بەوەش کرد باسیان لە قەیرانی سوریاش کردووەوو بە سەرۆک پوتنی گوتووە گرنگە دەروازەیەک بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لە سوریا بکرێتەوە.

هەردوو سەرۆک پاش ئەو کۆبوونەوەیەی کە کاربەدەستێکی کۆشکی سپی بە ئەلحوڕەی گوتووە 3 کاتژمێر و 21 خولەکی پێچووە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تایدا هاتووە " ئەمەریکا و ڕووسیا سەلماندیان تەنانەت لە کاتی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوانیشیاندا دەتوانن پێکەوە هەنگاو بنێن لە پێناو ئامانجە هاوبەشەکانیان کە بریتیین لە، بابەتە ستراتیژییەکان و ڕێگەگرتن لە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی چەکداری مەترسی شەڕی ناوکی."

هەروەها بەیاننامەکە ئاماژە بەوەش دەکات " درێژکردنەوەی ماوەی پەیماننامەی دەستپێکی نوێ، دەیسەلمێنێت کە هەردوو وڵات وابەستەن بە کۆنترۆڵکردنی چەکی ناوکی. ئەمڕۆش دووپاتی دەکەینەوە لە ئەو بنەمایەی کە نارکرێت هیچ کەسێک سەرکەوتووبێت لە شەڕی ناوکیدا نابێت هەرگیز ڕووبدات."

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە هەردوو وڵات پێکەوە دەستدەکەن بە دیالۆگێکی دووقۆڵی تەواو بە مەبەستی سەقامگیری ستراتیژی لە ئایندەیەکی نزیکدا. هەروەها دەشڵێن " بە ڕێگای ئەم وتووێژانە هەوڵ دەدەین بناغەیەکبۆ ئایندە دابنێن لە پێناوکۆنترۆڵکردنی چەک و کەمکردنەوەی مەترسیەکان."

پێشتریش لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن پاش کۆبونەوەکەی ژنێڤ گوتی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا ڕێککەوتوون لەسەر گەڕاندنەوەی باڵیۆزەکانی هەردوو وڵات و دەستپێکردنی وتووێژ لە نێوان وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵات لەسەر بابەتە هەڵپەسێردراوەکان.

پوتن گوتیشی لەگەڵ سەرۆک بایدن ڕێککەوتن بۆ تاوتوێکردنی بابەتی هێرشە ئەلیکتۆنییەکان.

XS
SM
MD
LG