Accessibility links

هەزاران منداڵ لە هەرێمی تیگرای ڕەنگە بەهۆی برسێتییەوە گیان لەدەستبدەن


بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە هۆشداری دا برسێتی ساڵی 1984 کە بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە یەک ملیۆن ئیتیۆپی ڕەنگە دووبارە ڕووبداتەوە ئەگەر دەستبەجێ هاوکاری مرۆیی نەگەیەندرێتە هەرێمی تیگرای باکوری وڵاتەکە.

بە پێی نوسراوێک کە دەستی دەنگی ئەمەریکا کەوتووە مارک لۆوکوک لە کۆبونەوەیەکی تایبەتی نافەرمی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشدا گوتویەتی " لە ئێستادا لە هەرێمی تیگرای قەیرانی خۆراک هەیە."

هەروەها گوتیشی ئیدارەی هەرێمی تیگرای هەواڵی مردنی لە برسا ڕاگەیاندووە و دەڵێت " بارودۆخەکە لە چەند مانگی داهاتوو ، نەک تەنها لە هەرێمی تیگرای بەڵکو لە هەرێمەکانی ئافار و ئەمهارا، خراپتریش دەبێت."

لە هەفتەی ڕابردوو لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە مرۆییەکانی ترەوە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ کرا. ئەم داواکارییە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هۆشداری ئەوەی نزیکەی 350 هەزار کەس لە هەرێمی تیگرای لە برسێتیدا دەژین و 2 ملیۆن کەسی تریش تەنها هەنگاوێکیان ماوە بگەن بەوپەڕی برسێتی و هەژاری.

ڕێکخراوی مافی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان یونسێف هۆشداری داوە کە 33 هەزار منداڵ لە ئێستادا مەترسی مردنیان هەیە بەهۆی بەدخۆراکی لە هەرێمی تیگرایی.

لە4 ی مانگی یانزەی ڕابردوودا سەرۆک وەزیری ئیتیۆپیا ئابی ئەحمەد ئەرکێکی سەربازی دژی دەسەڵاتدارانی بەرەی ڕزگاریخوازی گەلی تیگرای ئەنجامدا کە وەکو ئۆپۆزسیۆن دژی حکومەتی ناوەند کاردەکەن.

هێشتا شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامن و ڕەوشی مرۆیی لە هەرێمەکەدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر نیگەران کردووە.

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر ئەرکە سەربازییەکەدا، پێشێلکارییەکان لە تیگرای بەردەوامن و چەند مانگێکە ترسی کەوتنەوەی برسێتیەکی زۆر و مردن بێخۆراکی زیاد بووە.

XS
SM
MD
LG