Accessibility links

سەرۆکی فلیپین ڕێککەوتنی لەشکریی لەگەڵ ئەمەریکادا درێژدەکاتەوە


وێنەی مانۆڕێکی سەربازیی ئەمەریکا و فلیپین-ئەرشیف
وێنەی مانۆڕێکی سەربازیی ئەمەریکا و فلیپین-ئەرشیف

وڵاتی فیلیپین پەیماننامەیەکی سەرەکی لەشکریی لەگەڵ ئەمەریکادا بۆ 6 مانگی تر درێژ دەکاتەوە، بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.

ئەم بڕیارەش پاش چەندان مانگی دانوستاندن بووە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

ڕۆدڕیگۆ دوتێرتێ، سەرۆکی فلیپین لە مانگی 2دا بە ئەمەریکای وتووە بەرنامەی هەبووە لە ساڵی پاردا کۆتایی بەو ڕێککەوتنە بهێنێت پاش ئەوەی واشنتۆن پێدانی ڤیزای بە هاوپەیمانێکی نزیکی هەڵوەشاندەوە، وەک دەڵێت ڕێبەرایەتی شەڕی دژی بەنگ و موخەدەراتی بۆ دەکرد.

ئەمە سێهەمین جارە سەرۆکی فلیپین ئەو ڕێککەوتنە درێژ دەکاتەوە کە چوارچێوەیەکی یاسایی دەدات بە مەشق و ڕاهێنانی سەربازی لەگەڵ ئەمەریکادا و هەروەهاش پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ هاوپەیمانێتی دەیان ساڵی نێوان هەردوو وڵات.

تیۆدۆرۆ لۆکسین، وەزیری دەرەوەی فلیپین دەڵێت "سەرۆکی وڵات بڕیاری درێژکردنەوەی پەیماننامەکەی پێڕاگەیاندین بۆ 6 مانگی تر و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات و هەردوو وڵاتیش ئەو نیگەرانیانەی لەسەر هەندێک بەشی ئەو ڕێککەوتنە هەیانە چارەسەر دەکەن."

وتەبێژێکی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فلیپین دەڵێت وەزارەتەکەی چاوەڕوانی ئۆفیسی سەرۆکی وڵاتە تا وردەکاری زیاتری ئەو نیگەرانیانە بنێرێت.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا وەڵامی ئەو داوایەی نەداوەتەوە تا بزانرێت چ تێبینی و سەرنجێکی هەیە.

ئەم بڕیارەی سەرۆکی فلیپین کە دوای وتووێژێکی درێژخایەنی هەردوو وڵات بووە، هاوکاتە لەگەڵ نوێبوونەوەی پشێوییەکانی نێوان مانێلا و بێژینگ لەسەر دەریای باشوری چین.

ڕۆدڕیگۆ دوتێرتێ، بەردەوام هەڕەشەی کشانەوەی دەکرد لە پەیوەندی ئاسایشی لەگەڵ ئەمەریکادا، لە پێناو ئەوەی پەیوەندییەکی نزیکتری لەگەڵ وڵاتی چیندا هەبێت.

ئەمەریکا و فلیپین لە مانگی 4دا، مەشق و ڕاهێنانێکی ئاست نزمی سەربازییان کرد پاش ئەوەی مانۆڕە سەربازییەکەی ساڵی پار بەهۆی پەتای کۆرۆناوە هەڵوەشایەوە

XS
SM
MD
LG