Accessibility links

سەرۆک بایدن ئاگاهیدەدات لەسەر ڕوسیا و چین


جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئاگاهی دەدات بەوەی دەبێت هاوپەیمانێتی ناتۆ خۆی بۆ سەختییە نوێیەکانی چین و ڕوسیا ئامادە بکات.

ئەم ئاگاهیدانەی سەرۆک بایدن هاوکاتی کۆبوونەوەکەی بووە لەگەڵ ڕێبەرانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆدا بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییە "پیرۆزەکانی" واشنتۆن لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا.

سەرۆک جۆو بایدن، لەگەڵ گەیشتنی بۆ بارەگای سەرەکی ناتۆ لە برۆکسل و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ناتۆدا،جەختی کردەوە لەوەی هاوپەیمانێتی ناتۆ زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی ئەمەریکا.

ئەم یەکەمین بەشداریەی جۆو بایدن وەک سەرۆکی ئەمەریکا لەم کۆبوونەوە لوتکەییەدا، بە نوێکردنەوەی وابەستەییەکانی واشنتۆن ناودێر دەکرێت؛ پاش ئەوەی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، وابەستەییەکانی واشنتۆنی خستبووە ژێر پرسیارەوە.

ئەم کۆبوونەوە لوتکەییە وەک نۆژەنکردنەوەی ئەرکە سەرەکییەکان و ستراتیژیەتەکانیش لێی دەڕوانرێت بۆ سەروسەوداکردن لەگەڵ مۆسکۆ و بێژینگ و هەڕەشە و مەترسییە نوێیەکان و کشانەوە خێراکەی هێزە سەربازییەکانی ناتۆ لە ئەفغانستان پاش چەندان ساڵی قەیران و شەڕ لەو وڵاتەدا.

سەرۆک بایدن بەر لە کۆبوونەوە لوتکەییەکە، لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆدا ئاماژەی بەوە کردووە وەک دەڵێت"پێموایە لەم دوو ساڵەی ڕابردودا دانپێدانانەکان زیاتر بوون بەوەی سەختی نوێمان لەبەردەمدان."

سەرۆک بایدن دەڵێت "ڕوسیا بەو شێوەیە ڕەفتار ناکات کە بگونجێت لەگەڵ ئەوەی ئێمە هیوامان بۆ دەخواست و بە هەمان شێوە وڵاتی چینیش."

هەر لەو کۆبوونەوەیەیدا، سەرۆک بایدن جەختی لە بەندی 5 پەیماننامەی ناتۆ کردۆتەوە کە سەبارەت بە وابەستەیی وڵاتانی ئەندامی ئەم هاوپەیمانێتیەیە بۆ داکۆکی لە یەکتر کردن و بە وابەستەییەکی پیرۆزیش ناودێری دەکات.

ترامپ ئەو بەندەی پەیماننامەی ناتۆی خستبووە ژێر پرسیارەوە.

XS
SM
MD
LG