بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا یەکەم چارەسەری نوێی لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر پەسەند دەکات. ئەم هەنگاوەش بە هەنگاوێکی مەترسیدار دادەنرێت لە کاتێکدا شارەزایان پێیان وایە بەڵگەی پێویست لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت ئەم جۆرە چارەسەرییە کاریگەرە.
دەرزی Aduhelm کە لە لایەن کۆمپانیای دەرمانسازی Biogen Inc دروستکراوە، لەسەر بنەمای ئەو بەڵگەیەی کە دەشێت خاوبوونەوەی مێشک کەمبکاتەوە ڕەنگە بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر یارەمەتیدەر بێت، پەسەند کراوە. پسپۆڕان دەڵێن لەمە زیاترە هیچ بەڵگەیەک نییە کە بەتەواوەتی بیسەلمێنێت کە ئەو نەخۆشی بیرچوونەوەیە ڕادەگرێت یان خاو دەکاتەوە.
بە شێوەیەکی گشتی لەم جۆرە بارانەدا بەڕێوەبەرایەتی دەرمان و خۆراک داوای تاقیکردنەوەی قوڵتر بۆ سەلماندنی دەرمانەکە دەکات ئەگەر نا ئەوا قەدەغە دەکرێتەوە.
دکتۆر جەیسن کارلاویش هاوبەڕێوەبەری نێوەندی Penn Memory لە فلادیلفیا دەڵێت " ئەم بڕیارە بنەماکانیپرۆسەی زانستی هەژاند."ئەو دەشڵێت بەڕێوەبەرایەتییەکە کاتێک ئەم بڕیارەی داوە پرسیاری لە ڕاوێژکاران نەکردووە تا بزانێت ئەوان لەسەر تواناکانی ئەو دەرمانە چی دەڵێن.
کۆمپانیای بایۆجن دەڵێت نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار ئەمەریکایی کە قۆناغە سەرەتاکانی نەخۆشی ئەلزەهایمەردان دەتوانن ئەو دەرمانە وەربگرن کە نرخەکەی لە ساڵێكدا بە گشتی نزیکەی 56 هەزار دۆلارە، و بەرنامەی خزمەتگوزاری تەندروستی بەساڵاچووان بەشێکی زۆری لەئەستۆ دەگرێت.