Accessibility links

لە کۆبونەوەی گروپی حەوتدا تیشک دەخرێتە سەر هاتنەوەسەرخۆی جیهان پاش پەتای کۆرۆنا


ڕۆژی هەینی کۆبونەوەی گروپی حەوت (G-7) لە کۆرنواڵی بەریتانیا دەستیپێکرد. بڕیارە ڕێبەرانی حەوت وڵاتانی کە دیموکراسییەکی دەوڵەمەندیان هەیە لە کۆبوونەوەکانیاندا تاوتوێی کۆمەڵێک بابەتی گرنگ بکەن، لەوانە پەتای کۆرۆنا و کاریگەری بەسەر جیهاندا، کێشەی گۆڕانی کەش‌وهەوا ، ئابوری، تەکنەولۆجیای نوێ و ئاسایشی ئنتەرنێت. چاوەڕوان‌دەکرێت گروپی حەوت یەک ملیار دەرزی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ وڵاتانی کەم داهات دابین بکات. ئەمەریکا بە تەنیا بەڵێنی دابینکردنی 500 ملیۆن دەرزی داوە، بۆیە پـێشبینی دەکرێت 500 ملیۆن دەرزیـیەکەی دیکە لە لایەن ئەندامەکانی دیکەوە دابینبکرێت.

کۆبونەوەکە لەلایەن بەریتانیاوە میوانداری دەکرێت و ڕێبەرانی کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ژاپۆن و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەشداردەبن. نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا و میوانەکانی تری وەکو سەرۆکانی ئوترالیا، ئافریکای باشور کۆریای باشوریش بەشدار دەبەن و سەرۆک وەزیری هیندستانیش بە ڕێگای ئۆنلاین بەشداری دەکات.

بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیری بەریتانیا لە دەمی دەستپێکی مەڕاسیمەکەدا گوتی " ئەمە کۆبونەوەیەکە کە بەڕاستی پێویست بوو ئەنجام بدرێت." گوتیشی "پێویستە دڵنیابین لەوەی کە لە پەتاکەوە شتێک فێربووین، پێویستە دڵنیابین لەوەی کە هەندێک لەو هەڵانە دووبارە نەکەوینەوه کە بێ گومان لە ماوەی 18 مانگی ڕابردوودا کردومانن."

لە کاتێکدا کە کۆبونەوەکانی پێشووتری گروپی حەوت بە خوانی تایبەت، شاندی باڵا و ستافێکی زۆری ڕاگەیاندنەکانەوە ئەنجام دەدرا، بەڵام کۆبونەوەکەی ئەمساڵ بە شێوەیەکی توند سنووردارە. بەشداربووان بە دەمامکیان پێچاوە، تاقیکردنەوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژانە بۆ ئامادەبوان دەکرێت.

جۆنسۆن گوتیشی "جیهان چاوی لە G-7 دەبێت بۆ جێبەجێکردنی بەها هاوبەشەکانمان و خواستی دیپلۆماسیمان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی شکستپێهێنانی پەتاکەو و پێشەنگایەتیکردنی هاتنەوەسەرخۆی جیهان."

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕێبەرانی جیهان کۆبونەوەی ساڵی ڕابردوویان ئەنجام نەدا، دواین جار کە کۆبونەوەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئەنجام درابوو ساڵی 2018 بوو کە لە فەرەنسا ئەنجام درا.

XS
SM
MD
LG