Accessibility links

تورکیا و مێژووی ڕفاندنی نەیارانی لە وڵاتانی جیهاندا


بێ‌سەروشوێنبوونی مامۆستایەکی تورک لە قرغیزستان، جارێکی تر ئەو دەنگۆیانە دەهێنێتەوە گۆڕێ کە میتی تورکیا لە ماوەی پـێنج ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی بەرهەڵستی حکومەتی لە وڵاتانی دەرەوەدا ڕفاندووە.

ڕفاندنەکان و بە زۆر دانپێدانان، زیاتر دژ بە لایەنگرانی گومان لێکراوی فەتحوڵا گولەن کراون،کە سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆ ئەنجامدانی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 تاوانباری دەکات.

تورکیا شانازی بەوە دەکات کە دەزگا هەواڵگرییەکەی هەندێک ئۆپەراسیۆنی مەترسیداری ئەنجام داوە. وەزارەتی دادی ئەو وڵاتەش گوتویەتی 107 " خائین" هەتا ساڵی 2019 لە دەرەوەی وڵات دەستگیرکراون.

بەر لەوەی گولەن ببێت بە نەیاری سەرەکی ئەردۆغان، ئەو کەسایەتییە ئاینییەی کە بنکەی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە و نکوڵی لەوە دەکات دەستی هەبووبێت لە کودەتاکە، یەكێک بوو لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەردۆغان و تۆڕی جیهانیی خوێندنگەکانی گولەن بەشێکی گرنگی هێزی نەرمی تورکیا بوو لە دەرەوەی وڵات.

ئۆرهان ئیناندی، هاوڵاتییەکی قرغیزی لە دایکبووی تورکیایە، و پێشتر سەرۆکایەتی تۆڕێکی خوێندنگاکانی گولەنی لە قرغیزستان دەکرد. ئەو لە یەکی مانگی شەشەوە بێسەروشوێنە. ئۆتۆمبێلەکەی لە نزیک ماڵەکەی دۆزرایەوە لە کاتێکدا دەرگای ئۆتۆمبێلەکە کرابووەوە و تایەکانی پەنچەر بوون، چاکەت و تەلەفۆنەکەشی لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا مابوونەوە.

لە کاتێکدا نزیکەی هەزار کەس لە ‌هێزە ئەمنییەکانی قرغیزی بە دوایدا دەگەرێن. بە قسەی هاوسەرەکەی، ئۆرهان لە ناو کۆنسوڵخانەی تورکیا لە بیشکک دەستگیرکراوە.

هاوکاتی خۆپیشاندانی سەدان کەس دژ بەو ڕووداوە لە پایتەختی ئەو وڵاتەی ناوەڕاستی ئاسیا، سەرۆکی قرغیزستنان سادیر جاپارۆڤ ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ئەردۆغانی کرد و گوتی هەردوو سەرۆک کۆکبوون لەسەر ئەوەی بزوتنەوەی گولەن "هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی هەردوو وڵات."

سەلاحەدین گولەن
سەلاحەدین گولەن

لە مانگی ڕابردوو برازای گولەن سەڵاحەدین گولەن لە بنەکی پۆلیسی پایتەختی کینیا دیارنەما سەربارەی فەرمانی دادگا بۆ قەدەغەکردنی ڕادەستکردنی بە تورکیا.

دواتر بە کەلەپچەکراوی، وێنەی لە نێوان دوو ئاڵای تورکیا لە ئانکەرە بڵاوکرایەوە.

ئەم ڕفاندنە هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنێکی میتی تورکیا لە ساڵی 1999 بۆ ڕفاندنی ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلان لە نایروبی، دەنگی دایەوە.

لە مانگی دوودا بەرپرسی دەزگای هەواڵگری کۆسۆڤۆ، بەرپرسی پۆلیسی سنوور و کاربەدەستێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە تاوانبارکران بەهۆی بەکارهێنانی پۆستەکانیان بۆ ڕادەستکردنی شەش کەس لە مانگی سێی ساڵی 2018 کە لە خوێندنگاکانی تۆڕی گولەن کاریان دەکرد.

بنەماڵەکانی ئەو پیاوانە دەڵێن ئەوان لە نێو فڕۆکەیەکی تایبەتی میتی تورکیا براونەتەوە بۆ تورکیا و ئەشکەنجەدراون.

لە هەمان مانگدا میدیای دەوڵەتی تورکیا ڕایگەیاند دوو کەسی سەر بە بزوتنەوەی گولەن لە ئوزبەکستان دەسگیرکراون و ڕادەستی تورکیا کراونەتەوە.

لە مانگی شەشی ساڵی 2019 دا دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ڕەخنەی لە مۆڵدۆڤیا گرت لەسەر ڕادەستکردنی 5 هاوڵاتی تورکیا کە گوایە پەیوەندییان بە بزوتنەوەی گولەنەوە هەبووە.

لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئاژانسە هەواڵگرییەکانی تورکیا و مۆلدۆڤیا ئەو کەسانە بە ئاشکرایی کرانە نێو فڕۆکەیەک و گەڕێندرانەوە بۆ تورکیا.

لە ڕاپۆرتێکی سەرەتای ئەمساڵی خانەی ئازادی (Freedom House) دا ئاماژە بەوە کراوە ئەردۆغان کاری دژی " دوژمنەکانی لە بەلایەنی کەم 31 وڵاتی جیاوازدا" ئەنجام داوە.

ئەردۆغان ستایشی ئەو کارمەندانی میتی کردووە کە پاش ئەرکێکی نهێنی لە مانگی چواری ساڵی 2018دا 3 ئەندامی بزوتنەوەی گولەنیان لە وڵاتی گابۆنی ڕۆژئاوای ئەفریکا ڕفاند.

لە مانگی حەوتی ساڵی 2018 ، دەسەڵاتدارانی مەنگۆلیا ڕێگەیان نەدا فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی جەنگیزخانی نێودەڵەتی وڵاتەکەیان بفڕیت کاتێک هەستیان کرد تورکیا هەوڵی ڕفاندنی مامۆستایەکی تۆڕی خوێندنگەکانی گولەنی داوە. هەرچەندە تورکیا نکوڵی لێکرد.

فڕۆکەکەی تورکیا لە فڕۆکەخانەی جەنکیزخانی نێودەوڵەتی لە ئولانباتۆری پایتەختی مەنگۆلیا، 27 ی حەوتی ساڵی 2018
فڕۆکەکەی تورکیا لە فڕۆکەخانەی جەنکیزخانی نێودەوڵەتی لە ئولانباتۆری پایتەختی مەنگۆلیا، 27 ی حەوتی ساڵی 2018

فەیسەل ئەکجای لەلایەن 5 پیاوەوە لە پایتەختی ئەو وڵاتە ڕفێندرا لە کاتێکدا لە ماڵەکەی خۆی دەردەچوو و کرایە نێو ئۆتۆمبێلێکەوە و برا بۆ فڕۆکەخانەی جەنگیزخانی نێودەڵەتی، بەڵام لەوێ ڕێگری لە ڕفاندنی کرا. جێگری وەزیری دەرەوەی مەنگۆلیا پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی تورکیا لە وڵاتەکەی کردبوو و ئاگاداری کردبوونەوە لەوەی هەر هەوڵێکی ڕفاندن لەسەر خاکی مەنگۆلیا پـێشێلکاریـیەکی گەورەیە بۆ سەر سەربەخۆیی و سەروەری مەنگۆلیا.

دواتر فەیسەل ئەکجای ئازادکرا و فڕۆکەکەش پاش ئاڵۆزییەکی زۆر لە نێوان هەردوو حکومەتی مەنگۆلیا و تورکیا ئەوجا ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ تورکیا پێدرا.

تورکیا دەڵێت سیخوڕەکانی بازرگان مەمدو چیکمازیان لە مانگی یازدەی 2017 لە سودان گەڕاندەوە. ئانکەرە ئەو پیاوە بە " هێزی پارەی" گولەن لە قەڵم دەدات.

کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن ئەوانە تاوانبارن و دەبێت ببرێنە بەردەم دادگاکانی تورکیا هەتا بڕیاریان لەسەر بدرێت.


سەرچاوە/ فڕانس پـرێس


XS
SM
MD
LG