Accessibility links

ڕێکخراوی سی پی تی: بەهۆی ئۆپراسیۆنی چنگی هەورەبرووسکەی تورکیاوە ٢٢ گوند لە هەرێمی کوردستاندا چۆڵکراون


لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١دا تورکیا ئۆپراسیۆنی سەربازیی چنگی هەورەبرووسکەی لە هەرێمی کوردستاندا و دژ بە گەریلاکانی پەکەکە دەستپێکرد. لە ئێستادا کە ئۆپراسیۆنەکە بەردەوامیی هەیە، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن بەهۆی ئۆپراسیۆنەکەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە گوندەکان بە تەواوی چۆڵکراون و دانیشتوانەکەشیان ئاوارە بوون.

ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکایی لە سەرەتای دەستپێکی ئۆپراسیۆنەکەوە کە لە گوندی کێستە بووە، بەشێوەیەکی مەیدانی چاودێری ئۆپراسیۆنە سەربازییەکە و لێکەوتەکانی دەکەن و لە نوێتریان ڕاپۆرتیاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوڵاتیانی سڤیل و زەوی و زاریان زیانێکی بەرچاویان بەرکەوتووە.

لەمبارەیەوە، کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی "٢٢ گوند بە تەواوەتی چۆڵکراون لە هاوڵاتییەکانیان. نزیکەی ١٦٠٠ هاوڵاتی لە ناوچەکانی کانی ماسێ و ئاڤاشین ئاوارە بوون. ٤ هاوڵاتی مەدەنیی بریندار بوون. ١٣٠٠ کوورەی هەنگ بە تەواوەتی لەناوچوون. کەرتی گەشتیاری لە کانی ماسێ زەرەر و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.. هەروەها کەنیسەیەک لە گوندی میسکە لە کانی ماسێ زەرەر و زیانی بەرکەوتووە."

لەکاتێکدا ڕێژەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە بژێوی ژیانیان لەسەر کشتوکاڵە، بەشێکی زۆریان لە ئێستادا ناتوانن بڕۆنەوە سەر زەوی و زارەکانیان ئاوی بدەن. "بە تەنها لەماوی ٩ ڕۆژی سەرەتای ئۆپراسیۆنەکەدا ٢١٠٠ دۆنم زەوی لە ناوچەی کانی ماسێدا سووتێنراوە و خەڵک ناتوانن بچنەوە ناو گوندەکانیان."

کامەران عوسمان ئاماژەشی بەوە کرد کە سەربازانی تورکیا بە خەڵکی ناوچەکەیان وتووە جارێکی تر نەگەڕێنەوە، ئەگەرنا وەکو گەریلاکانی پەکەکە هەژمار دەکرێن.

ئەو گوتیشی "سەربازەکان بە خەڵکی ناوچەکانیان وت: بەهیچ شێوەیەک ناتوانن بێنەوە ناو زەوی و زارەکانتان و ئەو سەیارانەی کە هەتانە ناتوانن لە دەوروپشتی گوندەکانتاندا هاتوچۆی پێبکەن، ئەگەر ئەوەی پێبکەن وەک گەریلاکانی پەکەکە هەژمارتان دەکەین و بۆردومانتان دەکەین."

تورکیا بە بەهانەی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی بەردەوامیی بە ئۆپراسیۆنی سەربازی چنگی هەورە برووسکە دەدات دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستاندا و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دانیشتوانی سڤیلی ناوچەکە زەرەرمەندی یەکەمن لە شەڕ و پێکدادانەکاندا.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:03:20 0:00


XS
SM
MD
LG