Accessibility links

جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای مەترسیدار لە ڤێتنام دەدۆزرێتەوە


وەزیری تەندروستی ڤێتنام ڕایگەیاند کاربەدەستانی ئەو وڵاتە جۆرێکی نوێیڤایرۆسی کۆرۆنایان دیاریکردووە کە تێکەڵەیەکە لەو جۆرانەی سەرەتا لە هیندستان و بەریتانیا بڵاوبوبونەوە. ڤایرۆسەکە بە خێراییەکی زۆر بە هەوادا بڵاو دەبێتەوە و خەڵک تووش دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز ڤێتنام کە ساڵی ڕابردوو لە کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرکەوتوو بوو، لە کۆتایی مانگی چواری ئەمساڵەوە ڕووبەڕووی زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبون بووەتەوە و تاکو ئێستا بە هۆی ڤایرۆسەکەوە 47کەس گیانیان لەو وڵاتەی کە دراوسێی وڵاتی چینە، لەدەستداوە.

وین تان لانگ،وەزیری تەندروستی ڤێتنام ڤایرۆسەکەی بە تێکەڵەی دوو ڤایرۆسی ناسراو وەسف کرد و گوتی" ڤێتنام ڤایرۆسێکی نوێی کۆڤیدی - 19 ی دیاری کردووە کە تێکەڵێک لە تایبەتمەندی ئەو دوو جۆر ڤایرۆسەی هەیە کە بۆ یەکەمجار لە هیندستان و بەریتانیا دەرکەوتن."

وەزیری تەندروستی ڤێتنام لە کۆبونەوەیەکی کابینەی حکومەتدا ، کە فایلی دەنگییەکەی نێردراوە بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، دەڵێت "بوونی هاوکاتی تایبەتمەندییەکانی هەردوو جۆری ڤایرۆسەکەی هیندستان و بەریتانیا لەم حاڵەتە نوێیەدا وایکردوە کە زۆر مەترسیدار بێت."

بەڕێز لانگ دەشڵێت ڤێتنام بەم زووانە داتاکان بڵاو دەکاتەوە لەبارەی ئەو جۆرە ڤایرۆسەی کە تازە دیاری کراوە و بە وتەی ئەو زۆر مەترسیدارترە لەوانەی تر.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تاکو ئیستا چوار جۆری مەترسیداری ڤایرۆسی SARS-COVID-2ی دیاریکردووە کە دەبنە هۆی کۆڤید-19، لەوانە ئەو جۆرانەی کە سەرەتا لە بەریتانیا، ئافریکای باشور، بەرازیل و هیندستان دەرکەوتوون.

XS
SM
MD
LG