Accessibility links

ئۆپیک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر دەکات


بڕیارە ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەس لە کۆبوونەوەی داهاتوویدا ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر بکات هاوکاتی هەروادێ و زیاتر بوونی داواکان لەسەر کڕینی نەوت.

ئەم ڕێکخراوە کە لە 23 وڵاتی ئەندام پێکهاتووە، دەڵێت ڕۆژی سێشەممە کۆدەبێتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیاری زیاتر کردنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت.

ئۆپیک پڵەس بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە ڕێگەی دەگرت لەوەی ڕۆژانە بە ملیۆنان بەرمیل یان بۆشکە نەوت بەرهەم بهێنرێت چونکە وەک دەیگوت ئەم پەتایە ڕەوشی ئابوری بەرەو خاوبوونەوە بردووە؛ ئێستاش دەڵێت "بەهۆی بوژاندنەوەی ئابورییەوە پاش بەکارهێنانی ڤاکسینەکانی دژە کۆرۆنا، لە مانگی 5ەوە دەستیکردووە بە زیاترکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت."

ئەم بڕیارەش قۆناغ بە قۆناغ دەبێت و مانگانە تا مانگی 7 بڕی بەرهەمهێنراوی نەوت زیاد دەکات و بەشێکیشە لە کارنامەی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممە وەک ڕێکخراوەکە دەڵێت "هەڵسەنگاندن دەکرێت بۆ ئەم بڕیارە و بە دوریش نازانرێت درێژ بکرێتەوە بۆ مانگی 8."

شیکەرەوە لەوبڕوایەدان، ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەس بە ئاگاهییەوە لەسەر ئەگەر و نەگەری درێژکردنەوەی ئەم بڕیارە کاردەکات و دەشڵێن "ڕوسیا هەوڵ دەدات وەک پێشەنگی وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپیک ئەم پرۆسەیە خێراتر بکات بەڵام نابێت هەڵوێستی پێچەوانەی شانشینی عەرەبستانی سعودیە بە هێند وەرنەگیرێت لەبەرامبەر هەوڵەکانی ڕوسیادا."

بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هیندستاندا، بازاڕی نەوت لەم مانگی پێنجەدا دووچاری کێشە بووەوە. هیندستان لە ڕیزبەندی سێهەمدایە بۆ بەکارهێنانی نەوت لەپاش ئەمەریکا و وڵاتی چین.

لە کاتێکدا ئۆپیک زۆر بە وردی و گرنگییەوە دەڕوانێتە داواکاریییەکان بۆ نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا، بە هەمان ئەندازەش دەڕوانێتە شییانەکانی گەڕانەوەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکان.
ئێران لە دانوستاندنی ناڕاستەوخۆدایە لە ڤیەننا لەگەڵ ئەمەریکادا لەسەر بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 تاران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا مۆری کرد.

ئەگەر ئەنجامەکانی ئەم وتووێژانەی ڤیەننا ئەرێنی بوون، ئەوا هەرهیچ نەبێت بەشێک لە سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵدەگیرێن و لەوانەشە ئێران ڕۆژانە یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیل یان بۆشکە نەوت بخاتە بازاڕەوە.

XS
SM
MD
LG