هاوکاتی زیادبوونی ئەو گومانانەی کە ڕەنگە کۆڤید-19 لە تاقیگەیەکی چینەوە بڵاوبوبێتەوە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی چوارشەممە داوای لە ئاژانسە فیدراڵییەکان کرد " جارێکی تر هەوڵەکان چڕبکەنەوە بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە لە دەرەنجامی یەکلاکەرەوە نزیکمان دەکەنەوە."
بایدن لە لێدوانێکیدا بە کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمەریکا ی ڕاگەیاند " لە ماوەی 90 ڕۆژدا ڕاپۆرتم بۆ بنێرنەوە" پاش ئەوەی لەم مانگەدا ڕاپۆرتێکی پێگەیشتووە کە هیچ دەرەنجامێکی یەکلاکەرەوەی تێدا نەبوو.
جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی کەرین ژێن پیێر ماوەیەکی کورت پاش بەیاننامەکەی بایدن بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند " ئەمە دەبێتە بەشێکی تری هەوڵەکانی تەواوی حکومەت کە لەلایەن تاقیگەکانی نیشتمانی و ئاژانسەکانی ترەوە دەدرێت."
بەرپرسانی ئەمەریکا چەندین مانگەجەختیان لەوە کردووەتەوە کە نەبوونی هەماهەنگی لەلایەن حکومەتەوە لە بێژیگ بەربەستە بۆ هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر لەسەر سەرچاوەی ئەو ڤایرۆسە کۆرۆنایەی کە بە لایەنیکەمەوە 3 ملیۆن و 400 هەزار لە سەرانسەری جیهاندا کوشتووە، لە ناویاندا نزیکەی 600 هەزار کەس لە ئەمەریکا.
ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ ڕۆژی دووشەممە باسی لە ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمەریکا کردووە کە دەڵێتلێکۆڵەران لە یەکێک لە تاقیگەکانی ووهانی چین، لە مانگی 11ی 2019 نەخۆش کەوتوون، مانگێک پێش ئەوەی حکومەتی چین رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاگادار بکاتەوە لە یەکەم حاڵەتەکانی ئەو نەخۆشیەی کە بە COVID-19 دیاری کرا.
بایدن لە بەیاننامەکەیدا گوتیشی " شکستهێنانی ناردنی پشکێنەرەکانمان لەو مانگە سەرەتاییانەدا، هەمیشە دەبێتە گرفت لەبەردەم هەر لێکۆڵینەوەیەک لە ڕەگوڕیشەی کۆڤید-19.
دکتۆر فرانسیس کۆلین لە ئینستتوتی نیشتمانی تەندروستی لە دانیشتنێکی سیناتدا ڕۆژی چوارشەممە بە یاسادانەرانی گوت " ئەگەری زۆر هەیە ئەمە ڤایرۆسێک بێت کە بەشێوەیەکی سروشتی دروست بووبێت،بەڵام ناتوانین شیانی ئەوەش وەلاوەنێین کە ڕەنگە جۆرێک لە ڕووداوی تاقیگە بێت." WHO کە بڕیارە قۆناغی دووهەمی لێکۆڵینەوەی لە بنەڕەتەکانی ڤایرۆسەکە ئەنجام بدات، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەتەوە بە هۆی ڕەتکردنەوەی ئەگەری دەربازبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دامەزراوەیەکی زانستیی چینییەکانەوە، کە ئەم ئەگەرە چەند جارێک لەلایەن بەرپرسانی بێژینگەوە ڕەتکراوەتەوە.
دوو مانگ لەمەوبەر ڕێکخراوەکە ئەنجامی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تیایدا دەڵێت " تا ئاستێکی زۆر بەوەناچێت" کە کۆڤید - 19 لە تاقیگەیەکی ووهانەوە سەری هەڵدابێت.ئەو ڕاپۆرتە" کەس متمانەی تەواوی پێی نییە" و "ئەم جارە پێویستمان بە زانیاری تەواوی پسپۆڕی هەیە، کە هیچ بەربەستێک نەبێت بۆ کۆرکردنەوەی زانیارییەکان، کە بەم شێوەیە دەتوانین بزانین چی ڕوویداوە."
هەندێک لە یاسادانەران لە واشنتن پێیان وایە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەو ئاستەدا نییە کە سەرچاوەی ئەم ڤایرۆسە دیاری بکات بەشێکی بەهۆی ئەوەی چین کاریگەرییەکی زۆری هەیە بەسەر ڕێکخراوەکەوە.