سیناتۆر بۆب مێنندێز، سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا و ئەندامی دیموکراتی ویلایەتی نیوجێرزی لەگەڵ سیناتۆر مارکۆ ڕوبیۆ ئەندامی کۆمیتەکە و ئەندامی کۆماری ویلایەتی فلۆریدا، ڕۆژی سێشەممە ڕێبەرایەتی کۆمەڵێکی 11 کەسی هاوڕێیانیان کرد لە ئەنجومەنی سینات بۆ پـێشکەشکردنی بڕیارێکی ئەنجومەنی سینات بە مەبەستی داننان بەوەی هەڕەشەکانی سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە سەرانسەری جیهاندا ڕوو لە زیادبوونە.
ئەم پـرۆژە بڕیارەی هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری، ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ لە چەقی تەندروستی دیموکراسی دەهێڵێتەوە، وە دووپاتیدەکاتەوە ئازادی ڕۆژنامەگەری وەک ئەولەویەتێکی ئەمەریکایە بۆ بەرەوپـێشچوونی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و حوکمڕانی باش.
سیناتۆر بۆب مێنندێز گوتی بەم بڕیارە ڕێز لەو قوربانیـیە گەورانە دەگرین کە لە هەموو شوێنێک ڕۆژنامەوانان داویانە لە میانەی هەوڵە بێوچانەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕاستیـیە پەردەپـۆشکراوەکان و هەروەها هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ گەیاندنی زانیاری بە خەڵکی. گوتیشی لەگەڵ کەمبوونەوەی دیموکراسی لە جیهاندا کاری ئەو ڕۆژنامەوانانە بۆ زامنکردنی شەفافیەت و لێپـرسینەوە و سەروەری یاسا لە هەموو کاتێک زیاتر گرنگە. لە بیلاڕووس هەتا ڤەنزوێللا و لە ئەسیوپیاوە هەتا هۆنگ کۆنگ و بورما، ڕۆژنامەگەری ئازاد و سەربەخۆ نەک تەنیا کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی دیموکراسیـیە، بەڵکو چاودێرێکی گرنگ و سەرەکیـیە بۆ سەر زیادەڕۆیی و پـێشێلکاریـیەکانی حکومەت، لەگەڵ ئەوانەشدا زۆر گرنگە بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگا و بەرەوپـێشچوونی.
سیناتۆر مێنندێز گوتیشی بۆیە لە بەرامبەر دەستدرێژیـیە بێ پـێشینەکانی دەکرێنە سەر مافە بنەڕەتیـیەکانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری لە سەرانسەری جیهان، شانازی دەکەم بە ڕێبەرایەتیکردنی ئەم هەوڵە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەمەریکا سوورە لەسەر داکۆکیکردنی لەو ئازا و بوێرانەی شایستەی ئەوەن تشکیان بخرێتەسەر و چیرۆکەکانیان باسبکرێت.
مارکۆ ڕوبیۆ گوتی " شانازی دەکەم کە لەگەڵ هاوکارەکانم بەشدارم لە پێشکەشکردنی ئەم پڕۆژە بڕیارە و بەرەوپێشبردنی ئەو ڕێبازانەی کە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین بەرەوپێش دەبەن." سیناتۆر ڕوبیۆ گوتیشی " لە ڕوسیاوە هەتا چین، هۆنگ کۆنگ، میسر، بەلەروس، تورکیا، کیوبا، نیکاراگوا و ڤینزوێلا، پەیامنێران بەردەوامن لەوەی بە ئازایانە دەکەن بۆ بەرگری کردن لە ڕاستی لە سەرتاسەری جیهاندا. ئێمە بەردەوام دەبین لە پابەندبوونمان بۆ بەرپێشبردنی و پشتیوانی کردن لە ئازادی ڕاگەیاندن."
سیناتۆرەکانی تری کە بەشدارییان لەم داوایەی مێنندێز و ڕوبیۆ کردووە بریتین لە سیناتۆر بێن کاردین ( دیموکراتی مەریلاند)، کریس کونس (دیموکراتی دلوێر)، تیم کەین (دیموکراتی ڤێرجینیا)، جێف مێرکلی( دیموکراتی ئۆریگەن)، برایەن شاتز (دیموکراتی هەوایی)، ئێد مارکی ( دیموکراتی ماساچوسێتس)، ماریا کانتوێل ( دیموکراتی واشنتن)، کێڤین کرامێر ( کۆماری داکۆتای باکور)، باب کاسی ( دیموکراتی پێنسلڤانیا)، کرسیف ڤان هۆلن ( دیموکراتی مێرلاند) و جۆن بووزمان (کۆماری ئارکەنسا).
سیناتۆر کاردین گوتی " ڕۆژنامەگەری ئازاد حکومەتەکان بەرپرسیار دەکات بەوەی کە تیشک دەخاتە سەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵییەکانی لە وڵاتەکاندا ڕوودەدەن. لە زۆر وڵاتاتی سەرانسەری جیهاندا، ڕۆژنامەوانان و ئەوانەی کاری میدیای سەربەخۆ دەکەن ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە گرنگە." گوتیشی منبە شانازییەوە بەشداری لەم پڕۆژە بڕیارەی هاوکارەکانم دەکەم کە لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕاگەیاندن و هەموڕۆژێکدا بیرمان دەخاتەوە میدیای ئازاد چ ڕۆڵێکی گرنگی لە کۆمەڵگاکەماندا هەیە."
سیناتۆر مێرکلی گوتی " ڕفاندنی گەشتێکی ئاسمانی بازرگانی شەرمەزارانەی بەلەروس بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ ڕۆمان پرۆتاسڤیچ نوێترین زنجیرەی هێرشەکانە بۆ سەر ڕۆژنامەوانان لە سەرانسەری جیهاندا، هەر لە کوشتنی ترسناکانەی جەمال خاشوقچییەوە بگرە هەتا دەگاتە زیندانی کردنی پەیامنێرانی ئاژانسی ڕۆیتەرز و دڕندایەتییەکانی دژ بە ڕۆهینگیاکان لە بورما." ئەو گوتیشی " ڕۆژنامەنووسان ژیانی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ وتنی ڕاستییەکان و هاوبەشیکردنی ئەو تێڕوانینانەی کە پێویستە هەموو هاووڵاتیانی جیهان لێی بە ئاگابن."
سیناتۆر شاتز گوتی " دیموکراسی دەکەوێتە سەر تواناکانی ڕۆژنامەوانان تا پرسیاری قورس بکەن، بە دوای ڕاستییەکاندا بگەڕێن و ئەوەی دەستیان دەکەوێت بڵاوی بکەنەوە بەبێ هیچ ترسێکی توندوتیژی یان سزادان. پێویستە هەموکات پشتگیری لە ئازادی ڕاگەیاندن بکەین هەر کاتێک و لە هەرشوێنێک بکەوێت ژێر مەترسییەوە."
سیناتۆر مارکییش ڕایگەیاند" ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ و ئازاد ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت وەک مێژوونووسی و بەرگریکار لە مافە بنەڕەتییەکانی دیموکراسیەکانماندا، دابینکردنی تێگەیشتن بۆ حکومەتەکانی جیهان، پاراستنی مافی دەربڕینی ئازاد و ڕاگرتنی کردنەوەی دەرگاکان بە ڕووی ڕاستیدا."
گوتیشی " ئەمڕۆ شەفافییەت و لێپرسینەوەی حکومەتەکان لە هەموو کات گرنگترە و ئازادی ڕۆژنامەگەری پێویستە بۆ ئەو هەوڵە. شانازی دەکەم لەگەڵ هاوکارانم بەشدار دەبم لە پێشکەشکردنی پڕۆژەیە بۆ پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەگەری لێرە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی سەرانسەری جیهاندا."
سیناتۆر کانتوێل دەڵێت " میدیا ڕۆڵی خۆی دەبینێت لە لێپرسینەوەی هەموو کەسێک لە ڕێگای شەففیەتی زانیارییەوە. ئەوان تیشک دەخەنە سەر ڕێگاکان."
سیناتۆر کرامێر گوتی " ڕۆژنامەگەری ئازاد بۆ سەرکەوتنی هەر
دیموکراسیەتێک گرنگە. لەگەڵ ئەو هەموو سەرکوتکردنانەی ئەم دواییەی میدیاکان لە وڵاتانی کۆمۆنیستی وەک چین و کۆریای باکور، گرنگە ئێمەپشتیوانی خۆمان بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانە دووپات کەینەوە کە لە سەرتاسەری جیهاندا هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری گرنگن بۆ ڕای گشتی دەدەن و قسەی ڕاست بە دەسەڵات دەڵێن."
سیانتۆر ڤان هۆڵن دەڵێت " ڕۆژنامەگەری ئازاد پاراستنێکی گرنگە لە دژی ستەمکاری. دەبێت ئێمە پشتیوانی لەوانە بکەین کە ناو وڵات و دەرەوەی وڵاتدا ڕاستەییەکان ڕادەگەیەنن، و ئەم ئازادییە گرنگە بە هەموو تواناکانمانەوە بپارێزین. نابێت کەس بەهۆی وتنی ڕاستیی سزا بدرێت و بکوژرێت."
سیناتۆر بووزمان ڕایگەیاند " ڕۆژنامەگەری ئازاد و کراوە گرنگە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکی بەهێز. ئەمەش بەتایبەتی لە هەندێک شوێنی جیهاندا ڕاستە کە شەفافییەت و لێپرسینەوە لەلایەن ڕژێمە تاکڕەوەکانەوە لە ژێڕ هەڕەشەدان یان بەردەوام سەرکوت دەکرێن. خۆشحاڵم لەگەڵ هاوکارانمدا بەشدارم لە ناردنی پشتیوانی ڕوون وئاشکرامان بۆ مافی ڕۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی کارەکانیان بە ئازادانە بەبێ ترسی تۆڵەکردنەوەی لێیان ئەنجام بدەن."