Accessibility links

سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لە شارۆچکەی دوما کە پێشتر لە ژێر دەستی سەرهەڵداواندا بوو، دەنگی خۆی دەدات


سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد ڕۆژی چوارشەممە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکە دەنگی خۆی دا، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت ئەو بۆ جاری چوارهەم هەڵبژێردرێتەوە.

ئەو لە شارۆچکەی دوما دەنگی دا، کە پێشتر بنکەیەکی بەهێزی سەرهەڵداوان بوو و گومانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەوێ بووەهۆی ئەوەی کە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژئاوا لە ساڵی 2018 دژ بە ڕژێم دەستپێبکات.

حکومەتی سوریا دەڵێت ئەم هەڵبژاردنە ئەوە نیشان دەدات سەرباری شەڕی دە ساڵەی سوریا ڕەوشی وڵاتەکە ئاسایی بووەتەوە.

شەڕی سوریا بووەتە هۆی کوشتنی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی 11 ملیۆن کەس کە نزیکەی نیوەی تەواوی خەڵکی سوریایە.

ئەسەد پاش دەنگدانەکەی گوتی " سوریا ئەوە نییە کە دەیانویست وابێت، شارێک لە دژی شارێکی تر و پێکهاتەیەک لە دژی پێکهاتەیەکی تر یان شەڕی ناوخۆ. ئەمڕۆ ئێمە لە دوماوە دەیسەلمێنین کە خەڵکی سوریا یەکن."

هەڵبژاردنەکانی سوریا لە دەرەوەی پرۆسەی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوون، کە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەیانویست لە دوای نوسینی دەستورێکی نوێ و ئاشتەوایی سیاسی لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەنجام بدرێت .

ئۆپزسیۆنی کە ئەم هەڵبژاردنەیان بایکۆت کردووە دەڵێن کاندیدەکانی ڕکابەری ئەسەد بە مەبەست لە ئاستێکی نزمدا دیاری کراون، کە یەکێک لەوانە عەبدوڵا عەبدوڵای جێگری پێشووی سەرۆک وەزیری سوریا و ئەوی تریش مەحمود میری سەرۆکی پارتێکی بچووکی ئۆپزسیۆنە.

فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، بەریتانیا و ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند ئەم هەڵبژاردنانە نە ئازاد و نە ڕەوا دەبن.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا زانا عومەر لە قامشلۆوە زانیاری وردمان لەسەر ئەم هەڵبژاردنەی سوریا دەداتێ.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:33 0:00


XS
SM
MD
LG