Accessibility links

ڕێککەوتنی پۆڵەندا و تورکیا بۆ کڕێنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند تورکیا و پۆڵەندا ڕێککەوتنێکیان بۆ فرۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە شەڕکەرەکانی تورکیا واژۆ کردووە، ئەمەش پۆڵەندا دەکات بە یەکەم وڵاتی ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری بەیرەقدار TB2ی تورکیایی بکڕێت.

ئەم ڕێککەوتنە لە میانەی سەردانە سێ ڕۆژییەکەی سەرۆکی پۆڵەندا ئاندرێژ دودا بۆ تورکیا واژۆ کرا.

ئاژانسی ئانادۆڵوی سەر بە دەوڵەتی تورکیا رایگەیاند،بە پێی ڕێککەوتنەکە بڕیارە پۆڵەندا 24 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی، وێستگەی کۆنترۆڵی زەمینی و تێرمیناڵی داتاکان بکڕێت. چاوەڕوان دەکرێت یەکەم فڕۆکەی بیفڕۆکەوان لە ساڵی داهاتوو بگات.

ئەردۆغان لە میانەی کۆنفڕانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "ئێمە یەکێکین لە باشترین وڵاتەکان لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیدا. " ئەو گوتیشی " ئێمە هەست بە خۆشحاڵییەکی زۆر دەکەین لە هاوبەشیکردنی ئەزموون و تواناکانمان لەگەڵ پۆڵەندای هاوپەیمانی ناتۆمان."

ئەردۆغان گوتیشی بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی کە تازە واژۆ کراوە، تورکیا بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، دەبێتە هەناردەی UAV بۆ وڵاتێک کە ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەورووپایە."

تورکیا پێشتر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە وڵاتانی وەکو ئازەربایجان، ئۆکرانیا و قەتەر فرۆشتووە.

لە ساڵی ڕابردوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری بەیرەقدارTB2 ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە سەرکەوتنی ئازەربایجان بەسەر ئەرمینیادا لە شەڕی ناگۆرنۆ کاراباخ.

تورکیا بەوە ناسراوە کە ئەو جۆرە فڕۆکانە لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا دژبە چەکدارە کوردەکان لە سنووری سوریا و عێراق بەکار دەهێنێت.

XS
SM
MD
LG