Accessibility links

گێڕانەوەی عێراقییەکان لە کەمپی هۆل وەک هەنگاوێک بۆ کەمبوونەوەی گرفتەکانی کەمپەکە لێی دەڕواندرێت


هاوکاتی هەوڵەکان بۆ ئەوەی حکومەتی عێراقی نزیکەی 100 خێزانی عێراقی لە کەمپی پەنابەرانی هۆل لە سوریاوە بگوازێتەوە بۆ عێراق، کاربەدەستانی ئەمەریکا بە ئومێدەوە دەڕواننە ئەم هەنگاوە بۆدەرکردنی هەزاران کەس لەو شوێنەی کە بە شوێنێکی دروستکرندی یاخیبووی گەنج دەبینرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە ڕاپۆرتە هەواڵییەکان لە ناوچەکەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتی عێڕاق لە بڕیارەکەی بۆ گێڕاندنەوەی بەشێک لە خێزانە عێڕاقییەکانی کەمپی هۆل پاشگەزبووەتەوە.

ژەنەڕاڵی باڵای لەشکری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردانێکی ڕۆژی هەینی بۆ سوریا کە لەوێ چاوی بە سەرباز و فەرماندەکان کەوت ، گەشبینی خۆی دەربڕی لەسەر ئەوەی گواستنەوەی ئەو خێزانە عێڕاقییانە لە کەمپی هۆل ڕوودەدات. ژەنەڕاڵ فرانک مککێنزی چەندین جار هۆشداری داوە کە گەنجەکانی ناو کەمپەکە تادێت توندڕەوتردەبن و دەبن بە نەوەی داهاتووی چەکدارە مەترسیدارەکان.

ژەنەڕاڵ مککێنزی لە میانەی سەردانێکیدا بۆ سوریا، 25 ی یەکی 2020
ژەنەڕاڵ مککێنزی لە میانەی سەردانێکیدا بۆ سوریا، 25 ی یەکی 2020

مککێنزی بە پەیامنێرانی گوت " ئەمە یەکەم هەنگاو دەبێت لە چەندی هەنگاوی لەم جۆرە، و پێم وایە شتێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوی دانیشتوانی کەمپی هۆل و تەنانەت کەمپەکانی تری سەرانسەری هەرێمەکە." ئەو گوتیشی " پێویستە وڵاتان هاونشتیمانەکانیان بهێننەوە، وەریانبگرنەوە، سەرلەنوێ تێکەڵیان بکەنەوە، ڕادیکاڵبوونیان نەهێڵن و بیانکەن بە بەشێکی بەبەرهەمی کۆمەڵگە."

کاربەدەستێکی ئەمەریکا دەڵێت گواستنەویە خەڵکی لەو کەمپەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا یەکێکە لە ژمارەیەک بابەتی کە لە نێوان ئەمەریکا و حکومەتی عێراقی تاوتوێ دەکرێن لە کاتێکدا کار لەسەر نەخشە ڕێگای داهاتوو دەکەن بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسی و لەشکرییەکان. ئەو کاربەدەستەی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئەسۆشیەتدی ڕاگەیاندووە ئەم بابەتە لە میانەی کۆبوونەوەکانی ڕۆژی پێنجشەممە تاوتوێ کرا، کاتێک مەککێنزی لە بەغدای پایتەختی عێراق لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتەکە کۆبووەوە.

سەرکردە عێراقییەکان لەسەرەتای ئەمساڵدا باسیان گێڕاندنەوەی بەشێک لەهاوڵاتیانی خۆیان کرد، بەڵام پاشان ئەنجامیان نەدا. بۆیە پلانەکان بۆ هەفتەی داهاتووش ڕوون نەبوون.

نزیکەی 64 هەزار خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل نیشتەجێ کراون و زۆربەیان سوریایی و عێڕاقین. بەڕێوەبەرایەتی کەمپەکە دەڵێت ژمارەی هاووڵاتییە عێڕاقییەکان نزیکەی 30 هەزار دەبن.

لە میانەی سەردانە یەک ڕۆژییەکەیدا مککێنزی لەگەڵ سەرکردەی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم عەبدیلە بەنکەیەکی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆبووەتەوە. ڕۆژی شەممە عەبدی لە تویتێکدا ڕایگەیاند لە میانەی کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ مککێنزی باسی لە ئاستەنگەکانی ئاسایشی و ئابوری لە هەرێمەکە کردووە.

لە تویتەکەیدا دەڵێت " خۆشحاڵبووین بە بینینی ژەنەڕاڵ کالڤێرت و ژەنەڕاڵ مککێنزی بۆ تاووتوێکردنی ئاستەنگە ئاسایشی و ئابورییەکانی هەرێمەکە. پەیاممان سەبارەت بە بەردەوامی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان، هەماهەنگی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و هەوڵەکان بۆ پاراستنیسەقامگیرکردنی ناوچەکە پێگەیشتووە."

بایدن فەرمانی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمەریکای لە ئەفغانستان داوە، بەڵام تا ئێستا کەم لەبارەی نزیکەی 1000 سەربازی ئەمەریکا لە سوریا و نزیکەی 2500 سەرباز لە عێراق قسەی کردووە.

بوونی ئەمەریکا لە سوریا بەشێکە لەپێداچوونەوەیەکی دۆخی جیهانی کە ئێستا لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پنتاگۆن)ەوە ئەنجام دەدرێت.

XS
SM
MD
LG