Accessibility links

ئەمەریکا بەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەری دژە کۆرۆنا بۆ نەوجەوانانی تەمەن 12 بۆ 15 ساڵ پەسەند دەکات


بڕیاردەرانی تەندروستی ئەمەریکا ڤاکسینی دژ بە کۆڤید-19ی کۆمپانیای دەرمانسازی فایزەر-بایۆنتێکیان بۆ نەوجەوانانی تەمەن 12 بۆ 15 ساڵانیش پەسەند کرد.

بەرێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا (FDA) ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ئەو ڤاکسینە سەلامەت و کاریگەرە بۆ نەوجەوانانی تەمەن 12 بۆ 15 ساڵان. ڤاکسینەکە پێشتر بۆ کەسانی 16 ساڵ و سەروتر پەسەند کرابوو.

بەرپرسی FDA جانێت ودکۆک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " هەنگاوەکەی ئەمڕۆ بۆ پاراستنی نەوجەوانان لە کۆڤید-19، نزیکترمان دەکاتەو لە گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی و کۆتایی هاتن بە پەتاکە."

ڤاکسینەکەی ڤایزەر یەکەم ڤاکسینە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ نەوجەوانان پەسەند بکرێت. پەسەند کردنی ئەم ڤاکسینە لە کاتێکدایە کاربەدەستانی ئەمەریکا هەوڵ دەدەن زۆرترین کەس لە ئەمەریکا دژ بە ڤایرۆسەکە بکوترێن و ئەم هەنگاوەش ڕەنگە ببێتە هۆی کوتانی ملیۆنان خوێندکاری ناوەندی و دواناوەندی بەر لە دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن لە پایزی ئەم ساڵ.

شارەزایانی تەندروستی دەڵێن لە کاتێکدا منداڵان خۆیان بە توندی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نابن و لە هەندێک باردا ڕەنگە هەر هەستیشی پێنەکرێت، بەڵام ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی تر دەگوازنەوە.

لە مانگی سێدا کۆمپانیای فایزەر ئەنجامە بەراییەکانی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەی لەسەر زیاتر لە 2 هەزار نەوجەوانی 12 بۆ 15 ساڵ بڵاو کردەوە. بە پێی ئەو ئەنجامانە هیچ کام لەوانەی بە تەواوەتی ڤاکسینەکەیان وەرگرتبوو توشی کۆرۆنا نەبوون و کەسیشیان کێشەیەکی ئەوتۆیان بەهۆی ڤاکسینەکەوە بۆ دروست نەبووە.

XS
SM
MD
LG