Accessibility links

کەشتییە چەک هەڵگرەکە لە ئێرانەوە بەڕێکەوتووە


وێنەیەکی ئەو چەکانەی هێزی دەریایی ئەمەریکا دەستی بەسەردا گرتوون لە دەریای عەرەبدا
وێنەیەکی ئەو چەکانەی هێزی دەریایی ئەمەریکا دەستی بەسەردا گرتوون لە دەریای عەرەبدا

هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕایدەگەینێت، لە دەریای عەرەبدا دەستیگرتووە بەسەر ئەو چەکانەی لە کەشتییەکدا حەشاردرابوون و بە هەزاران پارچە چەک مەزەندە کراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا، هێزی دەریایی ئەمەریکا دەڵێت "دەستگیراوە بەسەر هەزاران پارچە چەکدا و بریتین لە چەکی هێرشکردن و تۆپ و تفەنگەکانی سێرەگرتن و پێشدەچێت ئەو چەکانە بۆ پشتیوانیکردن بووبن لە سەرهەڵداوانی حوسییەکان لە یەمەن."

کاربەدەستێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسیۆسێتد پرێسی ڕاگەیاندووە "لێکۆڵینەوە بەراییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا دەریانخستووە ئەو کەشتییە لە ئێرانەوە هاتووە." ئەمەش جارێکی تر نیشانی دەداتەوە کۆماری ئیسلامی ئێران، حوسییەکانی یەمەن پڕ چەک دەکات، وێڕای سەپاندنی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەدەغەکردنی ناردنی چەک بۆ یەمەن.

دیپلۆماتانی ئێران لە یو ئێن، وەڵامی پەیوەندییە تەلەفونییەکانی ئەسیۆسێتد پرێسیان نەداوەتەوە، هەرچەندە پێشتر ئێران نکوڵی دەکرد لەوەی لە ڕابردوودا چەکی دابێت بە سەرهەڵداوە شیعەکانی یەمەن.

ئەم ڕووداوەی ناردنی چەک هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمەریکا و لایەنی تریش بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانەی کە دەشێت ببێتە بەدترین کارەساتی مرۆیی لە جیهاندا.

بەڵام ئەو بارە چەکەی هێزی دەریایی ئەمەریکا دەستی بەسەردا گرتووە، ئاماژەیەکە بەوەی دەشێت هێشتا شەڕ ماوەیەکی درێژی مابێت لە یەمەندا.

ئامێری ڕاداری ئاشکراکردن و چاودێریی موشەکە ئاڕاستەکراوەکان، ئەو چەکانەی لەناو کەشتییەکەدا دۆزیوەتەوە.
هێزی دەریایی ئەمەریکا دەڵێت "کەشتییەکە چارۆکەدار بووە و ڕەگەزنامەی هیچ وڵاتێکی هەڵنەگرتووە."

XS
SM
MD
LG