وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان دەڵێت بەهۆی تەقینەوەیەک لە نزیک خوێندنگایەک لە کابوڵی پایتەخت ئەمڕۆ شەممە بەلایەنی کەم 25 کەس گیانیان لەدەستداوەو دەیان کەسی تریش بریندار بوون.
گوتەبێژی وەزارەتەکە تاریق ئاریان دەڵێت بەلایەنی کەم 52 کەس کە زۆربەیان خوێندکارن لەو تەقینەوەیەدا بریندار بوون.
ئەو هۆکاری تەقینەوەکەی ڕوون نەکردەوە.
غوڵام دەستاگیر نەزەری گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی هەتا ئێستا 46 کەس لە بریندارەکان براون بۆ نەخۆشخانە.
لەو کاتەوەی واشنتن لە مانگی ڕابردوو پلانی کشانەوەی هێزەکانی لە 11 ی مانگی 9 لە ئەفغانستان ڕاگەیاندوە ئاستی مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی کابوڵ بەرزکراوەتەوە، لە کاتێکدا کاربەدەستانی ئەفغانی دەڵێن تالیبان هێرشەکانی لەسەرانسەری وڵاتەکەدا زیاد کردووە.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەسو لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی شەممەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
ئەو هێرشە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کابوڵ ڕوویداوە کە ناوچەیەکی زۆرینە شیعە نشینتە و لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ملیتانە ئیسلامییەکانەوە کراوەتە ئامانج.