Accessibility links

ئەنتۆنی بلینکن: ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لە ئازادی ڕۆژنامەوانی لە سەرانسەری جیهاندا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی جیهانیی ئازادی ڕۆژنامەوانی بەرز ڕادەگرێت.
ئەنتۆنی بلینکن لە نوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەڵێت " لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەوانیدا ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لە ئازادی ڕۆژنامەوانی و پارێزراوی ڕۆژنامەوانان لە سەرانسەری جیهاندا، هەروەهاش بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لە ڕێی ئۆنلاینەوە بێت یان نا.

بلینکن دەنوسێت "میدیای ئازاد و سەربەخۆ، متمانەیە بۆ گەیشتنی زانیارییەکان بە خەڵک و هەبوونی زانیاریش یانی هێز."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هەر بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ڕۆژنامەوانییەوە دەنوسێت "ئەمەریکا وابەستەیی خۆی بۆ ئازادی ڕادەربڕین پشتڕاست دەکاتەوە و هەروەهاش بۆ زانیاری ڕاست و متمانە پێکراو کە لە میدیا سەربەخۆکانەوە بڵاودەکرێنەوە. میدیای ئازاد، بناغەی کۆمەڵگە گەشەکردوو و میانڕەو و دیموکراسییەکانە."

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەوانییەوە ستایشی کاری ڕۆژنامەوانی دەکات و دەڵێت "ڕۆژنامەوانان ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن، لێکۆڵینەوە لەسەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەکەن و داوای ڕوونی و ئاشکرایی دەکەن لەوانەی لە دەسەڵاتدان. بۆ پرۆسەی دیموکراسی، ڕۆژنامەوانان پێوستن و ناکرێت دەستبەرداریان بین."

بایدن لەو ڕاگەیەندراوەیدا ئاماژەش بە دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان دەکات و دەڵێت "سەرکوتکاران بەردەوام لە هەوڵدان بۆ بنکۆڵکردنی ڕۆژنامەوانیی ئازاد و پێچەوانە کردنەوەی ڕاستییەکان و بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری. ئەم جۆرە هێرشانە هیچیان کەمتر نییە لەو هەڕەشە و مەترسیانەی ڕووبەڕووی دیموکراسی دەبنەوە لە جیهاندا."

XS
SM
MD
LG