Accessibility links

ئەمەریکا نکوڵی لە هەواڵێکی تەلەفزیۆنی ئێران دەکات


ئەمەریکا نکوڵی لەو هەواڵە دەکات کە تەلەفزیۆنی ئێرانی بڵاویکردۆتەوە سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ ئالوگۆڕکردنی گیراوەکان و لە بەرامبەریشدا چەندان ملیار دۆلار بدرێت بە ئێران.

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پاش بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە لە تەلەفزیۆنی ئێراندا، دەستبەجێ نکوڵی لەو هەواڵە کرد.

ڕۆن کلاین، گەورە کاربەدەست لە بەڕێوبەرایەتییەکی جۆو بایدندا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی سی بی ئێس دەڵێت "بەداخەوە ئەو ڕاپۆرتە هەواڵیە نادروستە و هیچ ڕێککەوتنێک لە ئارادا نییە بۆ ئازاد کردنی ئەو 4 زیندانیکراوەی ئەمەریکا لە ئێران، ئێمە بە ڕژدی کار لەسەر ئازادکردنیان دەکەین، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە."

کاربەدەستانی بەریتانیاییش زانیارییەکانی ناو ئەو ڕاپۆرتە هەواڵییەی ئێرانیان بە کەم بایەخ ناودێر کردووە و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەش دەڵێت "بەریتانیا بەردەوامە لە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بژارە لەم دۆسێیەدا و هیچ تێبینییەکمان نییە لەسەری چونکە وتووێژە یاساییەکان هێشتا بەردەوامن."

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران کە کۆنەپارێزانی ئێران باڵادەستن تیایدا، ڕایدەگەیەنێت؛ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو زیندانیکراوانە ئازاد دەکات کە پەیوەندییان بە وڵاتانی ڕۆژئاواوە هەیە لەبەرامبەر وەرگرتنی چەندان ملیار دۆلار لە ئەمەریکا و لە بەریتانیا.

لە ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنی ئێراندا لە زاری کاربەدەستێکی وڵاتەکەوە بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت ئەو هەواڵە بڵاوکراوەتەوە. بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەش لە کاتێکدا بووە کە ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران وتارێکی پێشکەش دەکرد و پێشتر دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەیانگوت وتارێکی گرنگە.

ئایەتوڵا عەلی خامنەئی لەو وتارەیدا هیچ ئاماژەیەکی بە ئاڵوگۆڕی ئەو گیراوانە نەکردووە هاوکاتی بەڕێوەچوونی وتووێژەکان لە ڤیەننا لەسەر دۆسێی ناوکی ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی تەلەفزیۆنی ئێران، سەودایەک لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا کراوە بۆ ئازادکردنی گیراوەکان لەبەرامبەر 7 ملیار دۆلاری پارەی سڕکراوی ئێران.

لەو ڕاپۆرتەی تەلەفزیۆنی ئێراندا هاتووە " ئەمەریکاییەکان 7 ملیار دۆلار لە پارەی ئێران دەدەنەوە و هەروەها ئاڵوگۆڕی چوار گیراوی ئێرانیش دەکەن لە بەرامبەر چوار سیخوڕی ئەمەریکاییدا کە بەشێکی سزادانەکانیان تەواو کردووە."

XS
SM
MD
LG