Accessibility links

باری ئاسایشی پایتەختی ئەفغانستان توند دەکرێت


باری ئاسایشی کابولی پایتەختی ئەفغانستان ڕۆژی شەممە توند کرابوو بەهۆی نیگەرانی شیانی کاردانەوەی یاخیبوانی تالیبان لە کاتێکدا سەربازانی ئەمەریکا لەژێر فەرمانی سەرۆک جۆو بایدن هێرشتا لە ئەفغانستان ماوەن، سەرەرای ئەوەی ڕۆژی یەکی مانگی پێنج لە ڕێککەوتنەکەی تالیبان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پێشووی ترامپ لە ساڵی 2020 بۆ دوا مەوڵەتی کشانەوەی هێزەکان لە ئەفغانستان دانرابوو.

زیادبوونی هێزی لەشکری و خاڵە پشکنینەکان لە ناو شارەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دیار بوو، سەرچاوەیەکی ئاسایشیش ڕایگەیاند شارەکە لەوپەڕی هۆشداریدایە و گوتیشی باری ئاسایشی لە شارە سەرەکییەکانی سەرانسەری وڵاتەکە توند کراوە.

بە پێی ڕێککەوتنەکەی مانگی 2 ی 2020ی نێوان تالیبان و بەرێوەبەرایەتی ترامپ 1 ی پێنج دیاری کرابوو بۆ کشانەوەی هەموو هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان. وەکو بەشێک لەو ڕێککەوتنە، تالیبان هێرشەکانی خۆی بۆسەر سەربازانی ئەمەریکا ڕاگرت و لەکاتەوە هیچ سەربازێک نەکوژراوە. بەڵام تالیبان گوتی ئەمەریکا بە سەرپێچیکاری ڕێککەوتننامەکە دەزانێت بۆ کشانەوەی هێزەکان ئەگەر تا ئەو کاتە دیاری کراوە تەواوی هێزەکان نەکشێنەوە. بەڵام سەرۆک بایدن لە مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاند پاش پێداچوونەوە بەسەر بارودۆخەکە بڕیاری داوە هێزەکان لە 11 ی مانگی 9 دەکشێنەوە.

توندوتیژی دژ بە ئەفغانییەکان لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو زیادی کردووە و زیاتر لە 100 کەس لە هێزەکانی ئاسیشی ئەفغانی کوژراون. لە ئێوارەی ئەو ڕۆژەی کە سەرەتا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان دیاری کرابوو، تەقینەوەیەکی گەورە ل لە ڕۆژهەڵاتی لۆگار ڕوویدا و دەیان کەس کوژران. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ڕوون نییە چ لایەنێک دەستی لەو تەقینەوەیەدا هەبووە.

تاڵیبان بە زمانێکی توند وەڵامی ئەو بڕیارەی ئیدارەی بایدنی دایەوە وهەڕەشەی کرد کە دەرەنجامی دەبێت و بایکۆتی کۆنفڕانسێکی گرنگی کرد کە بڕیار بوو مانگی ڕابردوو بە مەبەستی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژی چەقبەستووی نێوان تالیبان و حکومەتی ئەفغانستان ئەنجام بدرێت.

گوتەبێژی تالیبان زەبیحوڵا موجاهید ڕۆژی شەممە لە تویتێکدا گوتی بەسەرچوونی کاتی دیاریکراو مانای ئەوەیە " ئەم پێشێلکارییە لە بنەمادا ڕێگای بۆ (چەکدارەکانی تاڵیبان) کردەوە بۆ ئەوەی هەموو کردەوەیەکی پێچەوانە بگرنە بەر کە بە گونجاوی دەزانن لە دژی هێزە داگیرکارەکان".

بەڵام دەشڵێت چەکدارانی تالیبان چاوەڕوانی بڕیاری ڕێبەرایەتی تالیبان دەکەن. لە سەرتای ئەم هەفتەیەش موجاهید بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند وتووێژەکان بەردەوامن. ئەو گوتی " وتووێژەکان لە نێوان ئەمەریکا و تالیبان و هەروەها لە نێو خودی ڕێبەرایەتی تالیبانیش بەردەوامن لەسەر ئەگەر و نەگەری درێژکردنەوەی ماوەی کشانەوەکە."

واشنتنیش هۆشداری داوە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هێزە بیانییەکان لە دەمی هەوڵەکانی کشانەوەدا ئەوا بەرگری لە خۆیان دەکەن " بە هەموو تواناکانمانەوە."

XS
SM
MD
LG