Accessibility links

موسوڵمانانی ئەمەریکا خۆشحاڵن بە کردنەوەی مزگەوتەکان لە مانگی ڕەمەزاندا


موسڵمانان لە ئەمەریکا دەڵێن خۆشحاڵن مزگەوتەکان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا کرانەوە.

ساڵی ڕابردوو ئەم کاتە دەرگای مزگەوتەکان داخران بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە. ئێستا لە کاتێکدا ڕێژەی توشبوون بە پەتاکە لە سەرانسەری وڵاتدا کەمتر بووەتەو و ملیۆنان ئەمەریکاییش ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرگرتووە، مزگەوتەکان کرانەوە.

نزیکەی 3 ملیۆن و نیو موسوڵمان لە ئەمەریکا دەژین دەکاتە نزیکەی %1 ی دانیشتوانی وڵاتەکە.

ئەمیر محەمەد کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئیتیۆپیایە و لە میانەی مانگی ڕەمەزاندا دەچێت بۆ مزگەوتێکی شاری ئەلێکساندریا لە ویلایەتی ڤێرجینیا دەڵێت " سەرباری ئەوەی دەبێت دەمامکمان پێوە بێت و پێش ئەوەی بڕۆینە ژوورەوە پشکنین بۆ پلەی گەرمی لەشمان دەکرێت و ژمارەی ئەو کەسانەش کە لە مزگەوتەکە دەبن سنووردارکراوە بۆ نیوەی ئەوەی پێش کۆرۆنا، بەڵام هێشتا زۆر خۆشحاڵم بەم بڕیارە."

ئیمام نەعیم بێگ، بەڕێوەبەری نێوەندی ئیسلامی دار ئەلهیجرە لە شاری فاڵسچێرچ، هاوڕایە.

ئەو دەڵێت " خەڵکی زۆر خۆشحاڵن کە مزگەوتەکان کراوەن، ئەمە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ خەڵکی یەکتر ببینن و پێکەوە نوێژ بکەن."

لە ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک لە مزگەوتەکان بە ڕێگای تەکنەلۆژیا بەردوام بوون لە بەستنەوەی کۆمەڵگەکان پێکەوە. بێگ دەڵێت " ئێمە هێشتاش نوێژی هەینی بە ڕێگای ئۆنلاینیش ڕاستەوخۆ لە پەیجی فەیسبووکی مزگەوتەکەمانەوە پەخش دەکەین."

جگە لە نوێژە ڕاستەوخۆکان ، سەنتەری ئیسلامی وۆرسێستەر لە ماساچوسێتس هەروەها بەرنامەی پەروەردەیی ئۆنلاینی جەماوەری بۆ گەنجان هەیە لەسەر بابەتەکانی وەکو ئیسلام لەسەر خێزان چی دەڵێت.

کاتێک کە مزگەوتەکە کرایەوە ئیمام عاسف هیرانی سەرسام بوو بەوەی بینی گەنجێکی زۆر لە مانگی ڕەمەزاندا ڕوویان کردە مزگەوت. ئەو دەڵێت ئەوان " زیاتر بەلای ئایندا ڕۆشتوون و نوێژ دەکەن و پرسیاری زۆرم لەسەر نوێژکردن و کاری خێرخوازی لێدەکەن."

بەڵام هیرانی دەشڵێت هەندێک لە خەڵکانی بەساڵا چوو نیگەرانی ئەوەن لە مزگەوت توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببن بۆیە ڕەنگە نەیەن.

ئیمامەکان دەڵێن هەندێک کەس نیگەرانن لە وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بە تایبەتی لە مانگی ڕەمەزاندا. ئەوان دەڵێن خەڵکی کۆمەڵگەکانی خۆیان هاندەدەن بۆ وەرگرتنی ڤاکیسنەکە.

بێگ دەڵێت " ئێمە لەو بڕوایەداین پێغەمبەر محەمەد هانی خەڵکی داوە بۆ دەرمان وەرگرتن." هیرانیش دەڵێت " لە ئیسلامدا پرنسیپێک هەیە کە هەرچییەک ببێت دەبێت گیانی مرۆڤەکان بپارێزرێن."

هەندێک شت هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە. کۆمەڵگەکان ناتوانن هێشتا پێکەوە ڕۆژوویان بشکێنن.

ئیمام ڕەفیق مەهدی هاودامەزرێنەری سەنتەری ناکسڤیڵی کۆمەڵگەی موسوڵمانەکانی تێنسی دەڵێت " بیری کۆبونەوە خێزانییەکان و پێکەنینی منداڵان دەکەم."

XS
SM
MD
LG